عەرەبەکان داوای جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەکەن

مووسڵ-KDP.info-ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆ لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان دەڵێ، کە سەردانی هەندێ گوندی عەرەبنیشی بەری ڕۆژئاوای دیجلەیان کردووە، هۆزەکان پێیان خۆش بووە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێ و، دەڤەرەکەیان بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان.
دیارە ئەو ماوەیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە لەگەڵ بەشێک لە ئێڵوەر (سەرۆکهۆز)ە عەرەبەکاندا کۆ بووەوە و، لەو بەینەدا چەند لیژنەیەکیان دروست کرد بۆ ئەوەی بچن لەگەڵ ئەو ھۆزانەدا دابنیشن و، گوێیان بۆ ڕادێرن و، ھاوکارییان بکەن. وەکچۆن ئەندامێکی یەکێک لەو لیژنانە دەڵێ، ئەو عەرەبانە ئامادەن ھاوشانی ھێزی پێشمەرگە شەڕی داعش بکەن و، جێبەجێکردنی مادەی١٤٠یان پێ باشە و، داوا دەکەن سەر بە ھەرێمی کوردستان بن نەک حکوومەتی ناوەند.
(حەسەن خەلۆ) ئەندامی لیژنەیەکی گفتوگۆ لەگەڵ ھۆزە عەرەبەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ سەردانی چەند گوندێکی ئەو ھۆزە عەرەبانەمان کرد و، لەگەڵیاندا دانیشتین؛ گوێمان لێیان گرت بزانین چییان دەوێت."
(حەسەن خەلۆ) گوتیشی، ئەو عەرەبانە حازرن وەک ھێزی پێشمەرگە، فەوجیان بۆ دروست بکرێت و، شەڕی داعش بکەن؛ ئەوان خۆیان بە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان دەزانن.
(خەلۆ) ڕوونیشی کردەوە، دیارە حکوومەتی عێراق هیچی بۆ ئەو ناوچانە نەکردووە؛ وا خەڵکەکە داوا دەکەن مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و، ببنە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان.
ڕایشیگەیاند: "جگە لەو داواکاریانە ھەندێک کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاریان ھەبوو، وا ئێمەش داواکارییەکەیان دەگەیێنینە لایەنی پەیوەندیدار."
بڵند ئیبرھیم




