فەرماندەی فیرقەی زێڕین دوا زانیاری شەڕەکەی تکریتی راگەیاند

تکریت--KDP.info (فازڵ بەرواری) فەرماندەی فیرقەی زێڕین ئاشکرای کرد، ئێستا ھێزەکانی ئەوان چوونەتە ناو 'بێجی'ـیشەوە؛ پاشان دەکەونەڕێ بۆ شەڕی ڕزگارکردنی ڕومادی؛ لە شەڕی ئازادکردنی تکریتدا زیاتر لە١٦٠ تیرۆریست کوژراون.
فەرماندە (فازڵ بەرواری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوە تکریت ئازاد کرا؛ وا ئێستا چووینەتە ناو شارۆچکەی بێجی بەڵام جارێ شارۆچکەی شەڕگات ماوە؛ کەینێ لەو دوو شارۆچکەیە بووینەوە ھێرش دەکەینە سەر ڕومادی."
(فازڵ بەرواری) گوتیشی، سەرەتا حەشدیشەعبی نەهاتنە شەڕی ئازادکردنی تکریت، بەڵام هەر کە ئێمە چووینە ناو تکریت، ئەوانیش خۆیانیان گەیاند!"
(بەرواری) ڕوونیشی کردەوە، ھێزی ئێمە دەستیان بۆ ماڵی کەس نەبردووە و، لێیش ناگەڕێین کەس تاڵانی بکات؛ هەڵبەت حەشدیشەعبی و، ئەنجومەنی پارێزگا و، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان لەسەر ئەو تاڵانوبڕۆیەی حەشدیشەعبییەکان دەیکەن، لێیان بووەتە کێشە.
فەرماندەی فیرقەی زێڕین ڕاشیگەیاند، لە شەڕی ئازادکردنی تکریتدا زیاتر لە ١٦٠ تیرۆیست کوژراون؛ تەرمی زۆرێکێشیان لێ کەوتووەتە بن داروپەردووی کەلاوەکان. بەرەو هەر لایەک هێرشمان کردبێت، داعش بەرگەیان نەگرتووە و، ڕایانکردووە.
دەیشڵێت تا دووسبەی دەچین بۆ ڕزگارکردنی ڕومادی؛ وا بزانم زوو لەو شەڕە ببینەوە.
(فازڵ بەرواری) گوتیشی، لەو شەڕانەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە و، زیانێکی ھەرە زۆریان لە تیرۆریستانی داعش داوە.
بڵند ئیبراھیم




