وەزیری ئەوقاف: كورد بەبێ مجامەلەی سیاسی، لەگەڵ هەموو دین و نەتەوەیەکدا هەڵدەکا

هەولێر-KDP.info- وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بەهۆی پێكەوەژیانی ئاشتیانە هاوپەیمانان لە شەڕی داعشدا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن.
(كەمال مسلیم) وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاپای ڤاتیكان و بەرپرسانی ڤاتیكان پێكەوەهەڵکردنی ئایینەكان لە كوردستان بە گرنگ دەزانن و، بەرزی دەنرخێنن، پێیان گوتووینە هیوا دەخوازن ئەو پێكەوەژیانە بەردەوام بێت و عێراقیش بگرێتەوە."
(كەمال مسلیم) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان و میللەتی كورد بوونەتە شوێنی پێكەوەهەڵکردن و لە خۆگرتنی لێقەوماوان و ئاوارەكان و، دوورە لە توندوتیژی؛ هەر لەبەر ئەوەیشە هاوپەیمانان لەم شەڕەی داعشدا پشتی هەرێمی كوردستانیان گرتووە."
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژە بەوەیش دەكات، كورد میللەتێكی ئاشتیخوازە و لەگەڵ مسوڵمان و دیان (مەسیحی) و ئێزیدی و، هەموو دین و نەتەوەیەکدا هەڵدەکات. مەگەر بە دەگمەن ئەگین لەم کوردستانەدا دیان و، مسوڵمان چ کێشەیان نەبووە؛ کورد نەتەوەیەکی ڕەقەکار نییە و لەگەڵ هەموواندا هەڵدەکا و، خۆی دابونەریتەکەی هەر وایە و، ئەم نەرمونیانییەی خوڵکومکێس (مجامەلە)ی سیاسی نییە.
یەحیا سابیر




