فراکسیۆنی پارتی: با جارێ حزبەکان لەسەر دەستوور ڕێک بکەون، ئینجا بینێرنە پەرلەمان

هەولێر-KDP.info- (محەمەد عەلی یاسین) گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان، دەستووری ھەرێمی پێ تاوتوێ ناکرێت، هەتا حزبەکان لە بەینی خۆیاندا یەکلایییان نەکردبێتەوە.
(محەمەد عەلی یاسین) ڕاگەیاند: "پێرێ سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لە لیژنەی یاسایی کردبوو ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن دەربارەی پڕۆژەیاسای دانانی میکانیزمی کارکردن بۆ پڕۆژەیاسای دەستووری ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم حەفتەیە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتیی پێی ڕازی نینە."
(محەمەد عەلی یاسین) گوتیشی، جارێ با حزبەکان لەسەر دەستوورەکە ڕێک بکەون، ئینجا پەرلەمان تاوتوێی بکات، ئەگەرنا سەر ناگرێت.
دیارە حەفتەی ڕابردوویش کە شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان چووبوون بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، (نەوشیروان مستەفا) ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆران گوتبووی، پێویستە سەرەتا حزبەکان لە دەرەوەی پەرلەمان لەسەر دەستووری ھەرێم ڕێک بکەون ئینجا بچێتە پەرلەمان و، گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




