پێشمەرگە لە ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەدا داعشی وەدەر ناوە

هەولێر -KDP.info- (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند پێویستییەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە هاوپەیمانان داوا كردووە، ئاخر بە چەکی قورس و زۆر نەبێ داعش نابەزێت..ئاماژەیشی کرد کە پێشمەرگە تا ئێستا ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لەو ناوچانەی پێشووتر لەدەستی داعشدا بوون، ئازادی کردووەتەوە.
(فەلاح مستەفا) بە ئایبیتایم (IBTimes)ـی بەریتانیای گوت، هێزی پێشمەرگە كە شەڕی داعش دەكەن، بۆ وەدەرنانی گرووپە ئیسلامییە توندڕۆكان لە عێراق، پێویستیان بە چەكی زیاتر و تانك و تۆپی دوورکوت هەیە.
فەلاح مستەفا دەربارەی توانای هێزی پێشمەرگەیش گوتی: "هێزی پێشمەرگە سەركەوتووانە لە بەرەوپێشچووندان و 20هەزار كلیۆمەتری چوارگۆشەیان ئازاد كردووە لەو ناوچانەی كە پێشتر لە ژێر دەستی داعشدا بوو، هەرچەندە پێویستیان بە چەكی زیاتر هەبووە".
(فەلاح مستەفا) ئاماژەیشی دا: "شوکرانەبژێرین سەبارەت بەو هاوكارییەی كە تا ئێستا پێشكەش كراوە، هەرچەندە پێویستمان بە چەك و تەقەمەنی و مەشقی سەربازی و پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی دیكەی جیهاندا هەیە."
سەبارەت بەو لیستەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داویەتی بە هاوپەیمانەكانی لە پێداویستیی چەك، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "داوای تانك و تۆپی قورس و هامەر و هاوەنمان كردووە،؛ ئێستاکە پێشمەرگە بەو چەكە خراپەی هەیانە شەڕ دەکەن و، پێداویستیی تەواوی مەشقی باشیان نییە."
(فەلاح مستەفا) هەروەها باسی لە گرینگیی شەڕی مووسڵ كرد و ڕایگەیاند: "بە گشتی ئازادكردنەوەی مووسڵ بە هەنگاوێكی گرینگ دادەنرێت بۆ بەزاندنی داعش لە عێراقدا و لە سەنگەرەكانیشدا پێكدادان هەیە، داعش هێرش دەهێنێت و ئێمەیش هێرشیان دەكەینە سەر. بابەتەكە لێرەدا ئەوەیە كە چۆن عێراق دەبێت هەوڵ بدات بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، هێزی سوننە، پێشمەرگە، ئەمەریكا و هاوپەیمانان، شەڕی ڕزگاركردنی مووسڵ بكات".
دەشڵێت: "ئەمە بەرپرسیارەتیی خۆمانە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا. داعش هەڕەشەیەكی گشتییە و كاریگەریی بۆ سەر گیان و ماڵی هەموو كەسێك هەیە. ئەوە ڕاستە ئێمە شەڕ لە پێناو خەڵك و خاك و بەهای خۆمان دەكەین، بەڵام ئێمە هەست ناكەین كە ئەم شەڕە تەنیا بۆ خۆمان بێت، بەڵكە لە پێناو ئازادیی هەموو جیهاندایە."
و/ خەسرەو حەمەڕەشید




