٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: حکوومەت و خەڵکی هەرێم باوەڕیان بە برایەتی و پێکەوەژیان و یەکڕیزیی پێکهاتەکان هەیە

سەرچاوە: KDP.info
هه‌ولێر-KDP.info-  لە دیدارێکدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستاندا، نوێنەری پاپای ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکوومەتی  هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو هەموو هاوکارییەی پێشکەشی ئەو ئاوارانەی کردووە کە لە ترسی تیرۆریستانی داعش ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. (نێچیرڤان بارزانی)یش ڕایگه‌یاند، حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕیان بە برایەتی و پێکەوەژیان و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکان هەیە و بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان.
 
ئەمڕۆ شەممە 4/4/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کاردینال (فێرناندۆ فیلۆنی) نوێنەری پاپای ڤاتیکان کرد کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە سەردان لە هەرێمی کوردستانە.
 
لە دیدارێکدا نوێنەری پاپای ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکوومەتی  هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو هەموو هاوکارییەی پێشکەشی ئەو ئاوارانەی کردووە کە لە ترسی تیرۆریستانی داعش ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەوشی ئاوارەکان بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای هاتنیان بۆ هەرێمی کورستان، زۆر باشتر بووە و، هیوای خواست ڕەوشەکە بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر جێگە و ڕێگەی خۆیان و بە تەبایی و برایەتی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە بژین. هەروەها سوپاسی خۆی و پاپای ڤاتیکانی پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو هەموو قوربانیدانەی کە پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر داویانە و ئەو نەبەردیەی لەو شەڕە سەپاوەدا پیشانی دەدەن و بەبێ‌ جیاوازی بەرگری لە هەموو پێکهاتەکان دەکەن.
 
 
 
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باسى دواپێشهاتەکان بە تایبەتی قوناغی ئاساییبوونەوەی ڕەوشەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کرا و لەم میانەشدا داکۆکى لەسەر هاوکاریکردن و پاراستنیان کرایەوە بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی ئاساییی خۆیان دەست پێبکەنەوە.
 
 
 
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەردانی نوێنەری پاپای ڤاتیکانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و، تیشکى خسته‌ سه‌ر دوا سەردانی خۆی بۆ ڤاتیکان و پێشوازى و دیدارى له‌گه‌ڵ قەداسەتی پاپا. ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕیان بە برایەتی و پێکەوەژیان و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکان هەیە و بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان و هیوای خواست لە کاتێکی نزیکدا بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئامادەییی حکوومەتی هەرێمی دەربڕی کە لە شوێنەکانیان هاوکاری و پاراستن بۆ ئاوارە گەڕاوەکان دابین بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار