فەیسەڵ قاسم: هاوسەرگیرییەکانی ئەمەریکا (متعة)ـن

دوبەی-KDP.info- راگەیاندنکاری سووریایی(فەیسەڵ قاسم)، دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ دەڵێ "هەندێکی وڵاتانی عارەب پێیان وا بوو ئەمەریکا بە حەڵاڵی هاوسەرگیری لەگەڵدا کردوون، بەڵام چەندە خەڵەتێندرابوون؛ ئاخر کۆی هاوسەرگیرییەکانی ئەمەریکا (متعة)ـن."
(قاسم) لە تویتەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر هەروەها دەڵێ "پاش ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێراندا، هەندێکی عارەبان وا لە ئەمەریکا دەڕوانن، وەک ئەوەی ژنێک دەڕوانێتە مێردەکەی کاتێک ژنێکی دیکەی بەسەر هێناوە.. لە سیاسەتدا هاوپەیمانەتی لەسەر بنەمای بڕوا و مۆڕال و بەهاکان نییە، بەڵکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی قێزەونن، بۆیە ڕامەچڵەکە کاتێ هەندێکان دەدۆزیتەوە لەبەر بەرژەوەندی، هاوپەیمانەتی لەگەڵ ئەهریمەندا دەبەستن."
لە تویتێکی دیکەیشدا لەژێر ناوی "بۆ ئەوانەی لە ڕێککەوتنی ئەمەریکا-ئێران دەترسن" دەڵێ، "کەمیی بیرکردنەوە. کامیان باشترە: واز لە ئێران بێنن و چەکە ناوکییەکەی دروست بکات و بکەونە بەر ڕەحمەت و مەترسییەکانی، یان بۆ وەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووری و سیاسی و ستراتیژی، لە پڕۆژە ناوکییەکەی دابماڵن؟ ئەگەر ئێوە دەترسن لەوەی کە ئێران بەدەستی هێناوە، ئەوە کێشەی خۆتانە، چونکە ئێوە لە هەموو ژیانتاندا وابەستەی ئەمەریکا بوون، بۆ پاشەڕۆژی وڵات و گەلەکەنتان هیچتان دروست نەکرد، بەڵام ئێران باوەڕی بە خۆی بوو، ئەوەی چنییەوە کە چاندبووی. بیرتان نەچێت کە ڕۆژاوا ڕێگەی بە پاکستانی هاوپەیمانی عارەب دا، چەکی ناوکی هەبێ، بەڵام ڕێی بە ئێران نەدا."




