به زیادكردنی ههناردهی نهوت، بەغدا ھیچ بیانوویێكی نەماوە

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەم مانگەوە رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بەغدا ئەگەر بیانوویش بدۆزێتەوە، پێویستە بە لایەنی کەم مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکات، چونکە جگە لە زیادبوونی داھاتی نەوتی ھەرێم داھاتی نەوتی عێراقیش زیادی کردووە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان(دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە سێ مانگی رابردوودا بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە زیادی کردووە و، بەغدا مانگانە زیاتر پارە رەوانە دەکات، چونکە لە مانگی سێ تاوەکو ٤٧٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە و، لە ئێستایشدا بووەته ٥٠٠ھەزار بەرمیل نەوت و تاوەکو کۆتایی مانگیش دەگاتە نزیکەی ٦٠٠ھەزار بەرمیل نەوت، بۆیە لەم مانگەوە رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت."
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، لەم مانگە ھەرێم زیاتر لەو رێککەوتنهی کراوە نەوت ھەناردە دەکات، بۆ ئەوەی قەرەبووی مانگەکانی رابردوو بکاتهوه، بۆیە پێویستە بەغدا پابەند بێت بە ناردنی پارەی ھەرێم و ئەگەر پابەندیش نەبێت بە بیانوونی نەبوونی پارەی نەختینە، پێویستە بە لایەنی کەمەوە مووچەی فەرمانبەران كه ٨٥٠ملیاره دینار، چونکە ھیچ بیانووی دیکە نییە لەبەر ئەوەی جگە لە زیادبوونی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بەرھەمھێنانی نەوتی عێراقیش زیادی کردووە، چونکە داھاتی عێراق یەک ملیار دۆلار زیادی کردووە، چونکە داھاتی عێراق لە مانگی دوودا سێ ملیار و ٥٥ملیۆن دۆلار بووە و مانگی سێ بووەته چوار ملیار و٥٠٠ملیۆن دۆلار.
ڕوونیشی کردەوە، لەئێستادا پێویستە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات، چونکە ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت و ئێمە بە سەربەخۆ نەوتی خۆمان بفرۆشین، زیاتر لە پارەی بەغدامان دەست دەکەوێت، بۆیە بڕیارە شاند بچێت، بەڵام چەندە زوو بچێت ھەر باشە.
بڵند ئیبراھیم




