پهیامى پیرۆزبایى مەکتەبى سیاسیی پارتى بەبۆنەى ساڵیادى دەرچوونى رۆژنامەى خەباتهوه

بەڕێزان سەرنووسەر و ستافى رۆژنامەنووسان و تەواوى کارمەندانى رۆژنامەى خەبات..
بەبۆنەى (56)ساڵەى بەئاشکرا دەرچوونى رۆژنامەى (خەبات)، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانى بەڕێزى ئەو رۆژنامە راستگۆیە دەکەین، ئومێدەوارین وەک هەمیشە لە سەنگەرى پێشەوەى خزمەتگەیاندن بن لەو کاروانە دوورودرێژە پڕبەخششە، لە پێناو باڵاترکردنى کار و پیشەکەتان و گەیاندنى پەیامى راستەقینە و رەواى گەلەکەمان بە دەوروبەر و جیهان.
رۆژنامەى خەبات وەکو یەکەمین رۆژنامەى رۆژانە و زمانحاڵى پارتیى دیموکراتى کوردستان، دەستکەوتێکى دیکەى بایەخدارى بزووتنەوەى رزگاریخوازیمان بووە بە رابەرایەتیى بارزانى نەمر، قوتابخانەى پێگەیاندنى کادیرى رۆژنامەنووسى و سەکۆیەک بووە بۆ داکۆکیکردن لە بنەماکانى دیموکراسی و ئازادی و داڕشتنى پرەنسیپەکانى لێبووردەیی و برایەتى و ئاشتەوایی، هەمیشە مینبەرى راستگۆیی و هەقیانەتى رۆشنبیران و رۆژنامەوانان بووە بەبێ جیاوازىی بیروبۆچوونەکانیان.
رۆژنامەى (خەبات) وێراى ئەوەى خاوەن شوناسێکى مێژوویی کاروانى رۆژنامەنووسییە، رۆڵێکى جیا و کاریگەر و گرینگیشی هەبووە هەر لە هۆشیارکردنەوە و جۆشدانى گیانى نیشتیمانپەروەرى و نەتەوەیی و شۆڕشگێریی و یەکڕیزی لە گشت قۆناغەکانى خەباتى سیاسیی بزووتنەوەى رزگاریخوازیماندا تا دەگاتە بونیاتنانى ئەو ئەزموونەى ئەمڕۆى حوکمڕانیمان.
خوازیارین لەو یادەدا بە هەمان بنەماکانى ئیتیکى رۆژنامەوانی، لە رووى مسداقیەت و بەرپرسیاریەتی و پیشەوەرییەوە بەردەوام بن و، رۆڵى بوێرانە و گرینگى خۆتان ببینن، بەتایبەتى لەو بارودۆخەى ئەمڕۆماندا لە پشتیوانیکردنى دۆزە رەواکەمان و رەنگپێدانەوەى سەرکەوتنەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە بەرەکانى شەڕدا بە سەرپەرشتى راستەوخۆى جەنابى سەرۆک بارزانى، هەروەها لە رووى رەخنەى بونیاتنەرانە و چاودێریکردنى دامودەزگاکان و خستنەرووى کێشەوگیروگرفت و کەموکوڕیەکان.
لە (56)ەمین ساڵهى دەرچوونى رۆژنامەى(خەبات) وێڕاى دووپاتکردنەوەى پاڵپشتى و پشتیوانیى تەواوى خۆمان، هیواخوازین هەردەم لە پێشکەوتندا بن و لەژێر دروشمى (تا ژیان بەردەوام بێ، خەبات بەردەوامە) زیاتر لە گشت روویەکەوە بەرەو پێش بچن..
سڵاو لە یادى رۆژنامەوانانى پێشەنگ و ماندوونەناس.. ئەوانەى ئەو کاروانەیان بە ئەمڕۆ گەیاند..
بەرز و پیرۆزبێت 56 ساڵ خزمەت و تێکۆشانى بەردەوامى رۆژنامەى خەبات..
مەکتەبى سیاسى
پارتى دیموکراتى کوردستان
4/4/2015




