پهرلهمانی عێراق میواندارى وەزیرى ناوخۆ دەکات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکى کورد لە ئەنجوومەنى نووێنەرانى عێراق ڕایدەگەیهنێت، لە دانیشتنى سبەى پەڕلەمانى عیراقدا وەزیرى ناوخۆ ئامادە دەبێت، كه قسهكردنه دهربارهی رەوشى نێوخۆى عێراق لەو کاتەدا و هەروەها خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژەیاسایەک دەکرێت.
ئەندامى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق (د.ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتیی دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "لە دانیشتنى سبەى شەممەدا، ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەى پسوولەى دادنووس (رسوم العدل) ژمارە (114) کە لە دانیشتنەکانى پێشوو کێشە دروست بوو لەسەر ئەم یاسایە چونکە لیژنەى دارایی رەزامەند نەبوون لەسەرى، پاشان دواى ئەوەى لیژنەى یاسایی لەگەڵ لیژنەى داراییدا رێک کەوتن لەسەرى سبهینێ دەخرێتە دەنگدانەوە و، بەردەوامى دەدرێت بۆ گفتوگۆ بۆ خوێندنەوەى دووەم لەبارەى یاسای پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
ئەوئەندامەى پەڕلەمانى عێراق گوتیشى: "دواتر میوانداریى وەزیرى ناوخۆى عێراق دەکرێت و لە دانیشتنەکەدا باسى ڕەوشى ئێستا و ئاسایشى عێراق دەکرێت و، پەڕلەمانتارانیش پرسیارەکانیان ئامادە کردوون بۆ وەزیرى ناوخۆ.
(د.ئەشواق جاف) زیاتر گوتى، "ههر له دانیشتنی سبهیدا، خوێندنەوەى دووەم بۆ یاسای حزبە سیاسییەکان دەکرێت کە پێشتر خرابووە کارنامەى دانیشتنهوه، بەڵام لیژنەى کۆمەڵگەى مەدەنى داواى دانیشتنى گۆێگرتنى کردبوو، بۆ ئەو مەبەستەیش ڕەزامەندیى سەرۆکایەتیى وەرگرتبوو، دیاره هەبوونى ئەو یاسایەیش زۆر گرینگە، چونکە دهرفهتێکى دیكه و نوێ بۆ فرەحزبى دەکاتەوە كە چوارچێوەى شەرعى و دەستوورى دهبێت و هەموو بوارێكی حزبە سیاسییەکان رێک دەخات و، تاڕادەیەکیش چەسپاندنى بنەماى دیموکراسى جێبەجێ دەکات لە کاتى ئێستادا.
نەشوان بەرزنجى




