٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

به‌رله‌ ڕزگاركردنی، تەندروستیى دهۆک و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەکارى دەکەن بۆ هاتنى شه‌پۆلێکى تر لە ئاوارەکانى مووسڵ

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  بەرێوبەرى گشتیى تەندروستىی پارێزگاى دهۆک ڕایدەگەینێت، دەستیان بە ئامادەکارى کردووە بۆ پێشکەشکردنى پێداویستى و چارەسەرى تەندروستى لەگەڵ رێکخراوەکانى نێودەولەتى بۆ ئه‌گه‌ری هاتنى بەشێکى تری ئاوارە له‌ شارى مووسڵه‌وه‌.


بەرێوبەرى گشتیى تەندروستیى پارێزگاى دهۆک (د.نزار عیسمەت) بە ماڵپەرى فەرمیى پارتیى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "پێشبینى ده‌كرێ ژمارەیەکى تر لە خەڵکى دانیشتووى مووسڵ و دەوروبەرى لە کاتى دەستپێکردنى پرۆسەى ئازادکردنى شارى مووسڵ روو لە شارى دهۆک بکەن، بۆ ئەو مەبەستەیش لەگەڵ زیاتر لە 20 رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆ بووینەوە بۆ دانانى پیلانێکى هاوبەش لە رووى تەندروستییەوە بۆ پێشوازى ئەو ئاوارانە، ئەگەر روویان لە شارى دهۆک کرد."

(د. نزار عیسمەت) گوتیشى: "خۆ ئامادەکردنەکە بە چەند رێگایەک دەبێت، لەوانە دانانى پیلانێکى هاوبەش بۆ رێگرىکردن لە نەخۆشیى گوازتراوەى وەرزى هاوین لەنێو کەمپەکان، ئەوانەى لە سنوورى پارێزگاى دهۆکن، چونکە لە هاویندا نەخۆشیى گوازتراوە زۆر دەبن، بۆیە تەندروستیى پارێزگاكه‌ لەگەڵ رێکخراوى ساخلەمى جیهانى و رێکراوه‌كانى ترى نێودەوڵەتى هەموو هەوڵ و کارێک دەکەین بۆ رێگریکردن لە بڵاونەبوونەوەى ئەو جۆرە نەخۆشیانە."

بەرێوبەرى گشتیى تەندروستىی پارێزگاى دهۆک گوتیشى: "هەروەها خۆمان ئامادە دەکەین بۆ پێشکەشکردنى خزمەتى تەندروستى لە کاتى دەستپێکردنی پرۆسەى ئازادکردنى شارى مووسڵ و گەیاندنى خزمەتى ساخلەمى بۆ ئەو ناوچانەى لەژێر دەستى تیرۆریستانى داعش رزگار ده‌کرێن."

جێى ئاماژەیە ئێستا لە سنوورى پارێزگاى دهۆک 22 کەمپى ئاوارەکان هەیە و تەندروستیى پارێزگاى دهۆک خزمەتى تەندروستىیان پێشکەش دەکات، بەهاتنى ژمارەیەکى ترى ئاوارەیش چاوەڕێ دەکرێت ڕێژه‌یه ئاواره‌كان یەکجار بەرز ببێته‌وه‌، بۆیە پێویستى بە ئامادەباشی هەیە.

نەشوان بەرزنجى

هەواڵی پەیوەندیدار