٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فرسەت سۆفی: سندووقی نەوت‌وگاز متمانەی نێوان خەڵک و حکوومەت پتر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند،  پەسەندكردنی سندووقی نەوت‌وگاز دەستكەوتێكی گەورەیە و، خەڵكی هەرێمی كوردستانیش هان دەدات پشتی حکوومەت بگرن هەتا بتوانێت کەرتی نەوت‌وگاز بکاتە دامەزراوەیەکی تۆکمە.

(فرسەت سۆفی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە لیستی پارتی، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "دیارە دوێنێ پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای سندووقی داهاتی نەوت‌وگازی كوردستانی پەسەند كرد؛ بە پێی پڕۆژەیاساكە داهاتی نەوت هەرهەمووی دەخرێتە ئەو سندووقەوە و، کاروبارەکەیشی بە دەست ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەبێت؛ بە پێی یاسای  ژمارە 22ـی ساڵی 2007، دەبێت سندووقێك بۆ داهاتی نەوت‌وگاز دابنرێت، بەو سندووقە کەرتی نەوت‌وگاز دەبێتە کەرتێکی دامەزراوە،  بە تایبەتی لە داهاتی كۆمپانیەكانی لە بواری نەوت كار دەكەن. ئەوە هەنگاوی یەكەم بوو. هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە چەندوچۆن و، داهات‌ودەرکردەی ئەو سندووقە دیارە؛ بەو مەبەستەیش پەرلەمانتاران دەستەیەکی چاودێر لە خۆیان هەڵدەبژێرن و، دیوانی چاودێریی داراییش پشتیوانییان دەکات.
(فرسەت) گوتیشی: بەو سندوقە متمانەی نێوان هاووڵاتی و حكوومەت زیاد دەبێت،  ئەوەیش ئەركێكی یاسایی بوو دەبووایە جێبەجێی بكەین و، دەستكەوتێكی گەورەیە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو سندووقە تەنیا تایبەتە بە داهاتی نەوت،  بە پێی یاساكە، لە داهاتی فرۆشی هەر بەرمیلێك نەوت، بڕی دوو دۆلار بۆ ئەو ناوچانە خەرج دەكرێت كە نەوتەکەی لێ بەرهەم دێت.

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار