مەسروور بارزانی: بڕینی قوتی خه‌ڵك و تێكه‌ڵكردنی به سیاسه‌ت ناڕه‌وایه

هەولێر-KDP.info- (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان لە پێشوازی خاتوو (جێسیكا سڤاردسترۆم) جێگری باڵیۆزی سوێد له به‌غدا و به‌رپرسی نووسینگه‌ی كاروباری سوێد له هه‌ولێر رایگەیاند کە، بڕینی قوتی خه‌ڵك و تێكه‌ڵكردنی به سیاسه‌ت ناڕه‌وایه، نابێ له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركدا به عێراقی دابندرێین و له مافیشدا بێبه‌ش بكرێین.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2/4/2015 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له خاتوو (جێسیكا سڤاردسترۆم) جێگری باڵیۆزی سوێد له به‌غدا و به‌رپرسی نووسینگه‌ی كاروباری سوێد له هه‌ولێر كرد.
له دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆرییستانی داعش كرا و ئاماژه به‌وه‌درا، كه هێزی داعش له‌چاو پێشوو لاواز بووه و ئێستا ئه‌وان زیاتر به‌رگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی بیانه‌وێ ناوچه‌ی دیكه داگیر بكه‌ن.
هه‌ر په‌یوه‌ند به‌و ته‌وه‌ره‌وه راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یی دا، كه ده‌بێت ئاماده‌كاری بۆ قۆناغی دوای داعش بكرێت و خه‌ڵكی خۆجێی ئه‌و ناوچانه‌ی رزگار ده‌كرێن له به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ناوچه‌كانیان به‌شدار بن. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه تاقیكردنه‌وه‌كانی رابردوو سه‌لماندیان ئه‌و سیسته‌م و رێكاره‌ی ئێستا عێراقی پێ به‌ڕێوه ده‌برێت كارا نییه و نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری كێشه دێرینه‌كان بكات، بۆیه تێكڕای سیسته‌مه‌كه پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه و ده‌بێت گشت پێكهاته‌كان هه‌ست به هاوسه‌نگی و به‌شداری راسته‌قینه له وڵات‌دا بكه‌ن.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و كێشه هه‌لپه‌سێردراوه‌كان كرا و له‌وباره‌وه راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕینی قوتی خه‌ڵك و تێكه‌ڵكردنی به سیاسه‌ت ناڕه‌وایه، نابێ له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركدا به عێراقی دابندرێین و له مافیشدا بێبه‌ش بكرێین.
له‌لای خۆیه‌وه خاتوو (جێسیكا سڤاردسترۆم) دووپاتی كرده‌وه، كه هاوكارییه مرۆییه‌كانی سوێد له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ئاواره‌كانی نێشهجێی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و گوتی: شه‌ڕی دژی داعش بۆ ئێمه له ئه‌ورووپا نیگه‌رانیی سه‌ره‌كییه.




