٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مستەفا شەفیق: خەتای تەڤدەمە ڕێککەوتنەکەی دهۆک سەر ناگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-شارەزایەکی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێ، ڕێککەوتنەکەی دھۆک ئا وا پەکی کەوتووە، ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی تەڤدەمە، ئاخر هەر ڕێگایەکی باش گیرابێتە بەر بۆ سەرخستنی ئەو ڕێککەوتنە، تەڤدەمییەکان کۆسپێکیان تێ خستووە.
(مستەفا شەفیق) شارەزای ڕۆژئاوای کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێککەوتنەکەی نێوان دوو ئەنجوومەنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرەتا بەرهەمی باشی هەبوو، لەوانە دروستکردنی لێڤەگەڕی سیاسی و، کۆبوونەوەی گەرموگوڕ، بەڵام تەڤدەم بەو ھەڵبژاردنی شارەوانییەی لە جەزیرەدا کردی، کارەکەی تێک دا؛ ئاخر تەڤدەم بە بڕیارێکی حزبی  ئەو ھەڵبژاردنەی کرد و، نە ڕەچاوی ڕێککەوتنەکەی کرد و، نە پرسیشی بە لێڤەگەری سیاسی و ئەنەکەسە کرد."

(مستەفا شەفیق) گوتیشی، خۆ چەند جارێکی تریش لایەنەکان ڕێک کەوتوونە و، قەول‌وبڕیەی باشیشیان کردووە، بەڵام کە دەگاتە کردەوە، ڕیسەکە دەکەنەوە خوری؛ من ناڵێم ئەنەکەسەیش بێعەیبە، بەڵام خەتاباری گەورە تەڤدەمە کە ڕێککەوتنەکە هیچی لێ شین نابێت.

ئەو شارەزایەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایشیگەیاند، تەڤدەم ھەمیشە بیانووی ئەوەیە کە بیروبۆچوونی دوو لایەن ڕێک وەک نییە، ئەوەیش ھەڵەیە؛ جا ئەگەر ھەموو وەکو یەک بیریان بکردایەتەوە، چ پێویستی بە دووو ئەنجوومەن دەکرد! ئەوەیە گرێی کێشەکە کوێر بووەتەوە و، جارێ ناکرێتەوە.

(مستەفا شەفیق) دەیشڵێت، ئێمە ھەرگیز لە یەکیەتیی کورد بێ‌ھیوا نابین، بەڵام یەکگرتنەوەیش ئاسان نییە؛ خۆی دەشێ لەو ئاڵۆزییە بکۆڵینەوە بزانین خەتای کێیە گرێی کێشەکە کوێر بووەتەوە و، ئینجا خەڵکی کوردیشی لێ ئاگادار بکەینەوە.

(مستەفا شەفیق) ئەوەشی خستە ڕوو، دوای شەڕوقاڵەکەی یەمەن و قوڵبوونەوەی شەڕی نێوان سوننە و شیعە، ڕەنگە دۆخی  سووریایش بگۆڕێت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا چالاکتر ببێت؛ جا بۆیە پێویستە کورد خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە بکات و، ئەگەر تەڤدەم یەکیەتیی کوردان نەپارێزێت، ڕەنگە خۆی زەرەر بکات. کەواتە تا زووە با بە خۆیاندا بچنەوە و، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار