فڕاكسیۆنی زەرد: شەڕەكەی پەرلەمان لە دادگا یەكلا دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "ئێمە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە شەڕەكەی پەرلەمانی كوردستانمان پێ قبووڵ نییە و دادگا ئەو كێشەیە یەكلا دەكاتەوە."
ئەمڕۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە لە شەڕەكەی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی بە كارەكانی هێنا و راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرز كردەوە، لە بەرانبەردا گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (محەممەد عەلی یاسین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی كوردستان یاسایی نییە، چونكە پەیڕەوی ناوخۆ رێگەی پێ نادات سەرۆكی پەرلەمان لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر پەرلەمانتاران دروست بكات؛ خاڵێكی دیكەیش ئەوەیە، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لە دادگا سكاڵای تۆمار كردووە و پەرلەمانتارەكانی ئێمەیش بە هەمان شێوە سکاڵایان دژ بە ئەو تۆمار کردووە، بۆیە لە ئێستادا چاوەڕێ دەكرێت دادگا ئەو كێشەیە یەكلا بكاتەوە."
ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە لیژنەكەی پەرلەمانمان پێ قبووڵ نییە و بە هەمان شێوە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش قبووڵ ناكەین، چونكە یاسایی نییە."
بڵند ئیبراهیم




