ئاراس حەسۆ میرخان: چەند کەناڵێک خزمەتی تیرۆریستان دەكەن

مەخموور-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕ ڕایگەیاند، هەندێك راگەیاندن بڵاویان كردووەتەوە، كە گوایە تیرۆریستانی داعش بە هێزیكی زۆرەوە ویستوویانە هێرش بهێنن و چەند ناوچەیەك لە میحوەری گوێڕ-مەخموور داگیر بكەن، بەڵام ئەم هەواڵانە ناڕاستن و تیرۆریستان توانا و ورە و هێزیان نەماوە.
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور- گوێڕ (ئاراس حەسۆ میرخان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوێنێ لەلایەن تۆپخانەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، هەردوو گوندی (حمێدان و نەسڕ)ـی سەر بە شارۆچكەی مەخموور بۆردوومان كران، چونكە چەند داعشێك لەوێ سەرقاڵی خۆڕێكخستن بوون، بەڵام لە هەندێك راگەیاندنەوە گوێمان لێ بوو كە گوایە تیرۆریستانی داعش بە چەك و سەربازێكی زۆرەوە ویستوویانە هێرش بكەنە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و چەند ناوچەیەك لە میحوەری مەخموور- گوێڕ داگیر بكەن، ئێمە رایدەگەیەنین كە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەكیان نییە و لە ڕاستییەوە دوورن".
(میرخان) گوتیشی: "داعش بەم هەواڵانە هەوڵی پەردەپۆشكردنی شكستە بەردەوامەكانیان دەدەن و، بە داخەوە بۆ هەندێك راگەیاندنی كوردی كە ئەم هەواڵانە بڵاو دەكەنەوە و خزمەت بە تیرۆریستان دەكەن، ئاخر داعش لە میحوەری مەخموور – گوێڕ نەك تەنیا ورە و هێزیان نەماوە، بەڵكە توانای هێرشهێنانیشیان نییە و ناتوانن ناوچەیەك داگیر بكەن، تەنیا جار جار دوو سێ تیرۆریست دێن و ئەوانیش دەكوژرێن یانیش بە سەرشۆڕییەوە ڕادەكەن. ئاخر چۆن دەبێت لە راگەیاندنی كوردیدا تیرۆریستان گەورە بكرێن و بە هەواڵی ناڕاست ورەیان بەرز بكرێتەوە؟."
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور – گوێڕ هەروەها دەشڵێت، لە ئێستادا رەوشی ئەو میحورە زۆر ئارامە و هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدا ئەوەندە توانا و ورە و هێزیان هەیە كە داعش بە هەر شێوەیەك بێن و هێرش بكەن، ئەوا تێك دەشكێن و لەناو دەبرێن.
سەرباز واحد




