پارتی: لە هەڵەبجە بێبەش بكرێین، لە ئیدارەی سلێمانی دەكشێینەوە

هەولێر -KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، باس لە پشكی پارتی لە شارەكەدا دەكات و دەڵێت: "بەپێی دەنگەكان پۆستمان پێ نەدراوە". ئاماژەیش دەدات كە، ئەگەر لە هەڵەبجە بێبەش بكرێن، لە ئیدارەی سلێمانی دەكشێنەوە.
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتیی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد كاكەڕەزا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیستی پارتی لە سلێمانی پڕۆژەیەكی بۆ بەدواداچوونی سەرجەم ئەو پڕۆژانە ئامادە كردووە كە پێشتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دراون و دەبێت سەرجەم هەڵە و كەموكورتییەكان دەستنیشان بكرێن و بەدواداچوون بكرێت، چونكە ناكرێت ئێمە بە تەنیا سەرقاڵ بین بە كاری ئەو لیژنانەی كە بۆ پارێزگا دانراون، لە ماوەی رابردوویشدا سكاڵایەكی زۆری هاووڵاتیانمان پێ گەییشتووە، كە لەسەر چۆنیەتیی پڕۆژەكان و خزمەتگوزاریی شارەكە بەرزیان كردووەتەوە بۆ پارێزگا، بۆیە لە ماوەی داهاتوودا دەست بە وەرگرتن و بەدواداچوونی سكاڵاكان دەكرێت".
سەرۆكی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی: "ئەوەی لە سلێمانی بە پارتی دراوە، كەمە و لە ئاست قەبارەی ئەو دەنگانەدا نییە كە پارتی لە سنوورەكەدا بەدەستی هێناون، ئێستایش دەیانەوێت لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ستەمێكی دیكە لە پارتی بكرێت بەوەی بێبەش بكرێن لە پۆستەكان، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەگەر پارتی لە هەڵەبجە بێبەش بكرێت، ئێمە لە سلێمانی دەكشێینەوە".
كارزان سەباح هەورامی




