بەغدا بڕیاری داوە، ئاوارەکانی هەرێمی كوردستان قەرەبوو بكاتەوە

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق، باس لە زۆریی ژمارەی ئاوارەكانی كوردستان دەكات و دەڵێت، بەغدا بڕیاری داوە قەرەبوویان بكاتەوە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، هەرێمی كوردستان بارێكی قورسی لەسەر شانە كە ملیۆنان ئاوارەی لە خۆ گرتووە.
راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق (د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆككۆماری عێراق لەبارەی هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانی كوردستانەوە قسەی لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) كردووە و حكوومەتی عێراق بەرنامەی هەیە كە دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ، سەرجەم لێقەوماوان قەرەبوو بكرێنەوە و پارە بۆ هەموویان تەرخان بكرێت".
(عەلیاوەیی) گوتیشی: "لە دیداریدا لەگەڵ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (بانكی مۆن)، سەرۆككۆمار بە فەرمی داوای لێ كرد كە دۆخی عێراق لە كۆنگرەی كوێت كە تایبەتە بە پرسی ئاوارەكان، لە بەرچاو بگیرێت، چونكە نزیكەی 160 هەزار ئاوارەی سووریا لە باشووری كوردستانن و كوێتیش 500 ملیۆن دیناری بۆ هاوكاریی ئاوارەكان تەرخان كردووە، ئەمە جگە لە دەوڵەتەكانی دیكەیش كە ئامادەن هاوكاریی ئاوارەكان بكەن، بۆیە هەرێمی كوردستان بارێكی قورسی لەسەر شانە كە ملیۆنان ئاوارەی لە خۆ گرتووە".
پێوەست بە هاوكاریی نێودەوڵەتییش بۆ ئاوارەكان، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق ئاماژەی دا: "(فواد مەعسووم) بۆ (بان كی مون)ـی ڕوون كردەوە كە ژمارەی ئاوارەكانی پارێزگای دهۆك بە سەرجەم ئاوارەكانەوە، زیاترە لە ژمارەی خەڵكی پارێزگای دهۆك، (بان كی مون) لەو بارەیەوە سەرسووڕمانی خۆی دەربڕی، بۆیە داوا كراوە چۆن ئەو كۆنگرەیە لە كوێت كراوە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی سووریا لە ناوچەكەدا، وەهایش كۆنگرەیەك لە عێراقدا ببەسترێت تا هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە كۆ بكرێتەوە".
دەشڵێت: "سەرۆككۆمار داوای لە وەزیری بازرگانیی عێراق كردووە، پارەی گەنم و جۆی جووتیارانی شنگال خەرج بكرێت، كە ئەوەیش وەك قەرەبوویەكە بۆ فەوتانی دەغڵودانی خەڵكی ئەو دەڤەرە".
كارزان سەباح هەورامی




