٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینکی: رۆڵی پۆڵەندای لە هاوکاریکردنی هەرێم بەرز نرخاند

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمان-KDP.info-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پێشوازی کونسوڵی پۆڵەندا لە هەرێم و شاندی یاوەری، رۆڵی ئەو وڵآتەی لە سیاسەتی ئەوروپا بەرز نرخاند و سوپاسی کردن کە لەشەری تیرۆریستانی داعشدا هاوشێوەی ئەمەریکا و وڵاتانی دی ئەوروپا رۆڵی بەرچاویان لەکەمکردنەوەی ئازارەکانی پەنابەران و لێقەوماوان هەبووە.

ئەمرۆ چوار  شەممە ١/٤/٢٠١٥ د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لەخاتوو رێناتا تشچینیسکا کونسوڵی پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی رۆژنامەوانی کەناڵی فەرمی کەناڵی ئاسمانی پۆلەندا کرد.

لەدیدارێکدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و ستاییشی کارەکانی کونسوڵی پۆڵەندای لەهەرێمی کوردستان کرد
هاوکات رۆڵی ئەو وڵاتەی لە سیاسەتی ئەوروپا بەرز نرخاند و سوپاسی کردن کە لە شەری تیرۆریستانی داعش هاوشێوەی ئەمەریکا و وڵاتانی دی ئەوروپا رۆڵی بەرچاویان لەکەمکردنەوەی ئازارەکانی پەنابەران و لێقەوماوان هەبووە، هەروەها هیوای خواست لەرووی پەروەردەیی وەک هەمیشە پشتیوان بن بۆ ئەوەی قوتابیانی هەرێمی کوردستان لەزانکۆکانی پۆڵەندا وەربگیرێن و بڕوانامەی بەرز وەدەست بێنن.
لەلایەن خۆیەوە کونسوڵی پۆلەندا لە هەرێمی کوردستان پوختەیەکی مێژوویی لەبارەی پەیوەندیەکانی پۆڵەندا لە ناوچەکە بەگشتی و لەگەڵ کورد بەتایبەتی باسکرد و ئەوەی راگەیاند ئەوان لە پشتیوانی هەرێمی کوردستان لەرووبەرووبونەوەی داعش لەهەموو رووێکەوە بەردەوام دەبن هاوکات پرسی پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا و سود وەرگرتن لەئەزمون و توانای پۆلەندا لەکارەکانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان تەوەرێکی تری دیدارەکەی پێک هێنا.
هەر لەدیدارەکەدا تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی فەرمیی پۆڵەندی خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و سەرسوڕمانی خۆیان نیشاندا بەوەی لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕ لەکێشەی ئەمنی وەک عیراق و ناوچەکە چۆن هەرێمێک بەو ئاستەی ئێستا ئارام و سەقامگیرەو باوەشی خۆی بۆ تەواوی پێکهاتەو ئایینەکانی دی کردووەتەوە کە بەهۆی ئاین لەسەر ماڵ و حاڵێ خۆیان دەرکراون ئەوەش مایەی شانازی و بەرزی گیانی پێکەوەژیانی خەڵکی کوردستان و سیاسەتی راست و دروستی سەرکردایەتی ئەو هەرێمەیە.
لەکۆتایی دیدارەکەشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەک رێزلێنانێک لەکارەکانی ئاڕمی پەرلەمانی کوردستانی پێشکەیشی کونسوڵی پۆڵەندا کرد و ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە دیاریان پێشکەشی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد.
 

هەواڵی پەیوەندیدار