بەغدا پارەیەكی یەكجار زۆری هێزی پێشمەرگەی گل داوەتەوە

بەغدا-KDP.info-سیروان سیرینی دەڵێ، ساڵێك زیاتریشە هەموو مانگێك ملیار و200ملیۆن دینار خراوەتە سەر حیسابی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڵام ئەم پارەیە تا ئێستا نەدراوە.
(سیروان سیرینی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕۆڵێكی زۆر گەورەی هەیە لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و، لە بەرەشەڕێکی ١٢٠٠کیلۆمەتریدا شەڕی داعش دەکات، كەچی حكوومەتی عێراق بڕە پارەیەكی یەكجار زۆری پێشمەرگە قەرزارە, ئاخر زیاتر لە ساڵێكە هەموو مانگێک ملیارو200ملیۆن خراوەتە سەر حیسابی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڵام ئەم پارەیە تا ئێستا نەدراوە و زوڵمێكی گەورە لە هێزی پێشمەرگە كراوە؛ لە دابەشكردنی ئەو چەكانەی كە عێراق دەستی كەوتووە بێگومان بەشێ پێشمەرگە بە گوێرەی یاسا نەدراوە و لەوێش زوڵمێكی تر لە هێزی پێشمەرگە كراوە، خۆ كورد لە پەرلەمانی عێراق ڕێژەی 20%-ە كەچی ئەوان ئەو 17% یەی چەك و بوودجەش بەهەرێم نادەن.
(سیروان سیرینی) ئاماژەیشی دا كە شەڕی كورد لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەیە كە سەرجەم مافەكانی هەرێم لە بەغدا وەربگرێتەوە، لە ساڵی 2007 دەبوو مادەی (140) لە لایەن بەغداوە جێبەجێ بكرێت و لە بودجەی 2015ی عێراق بەشێكی زۆر لە مافەكانی كوردمان جێگیر كرد، بەڵام حكوومەتی عێراق دەستور و پرۆژەیاسای بودجە پیشێل دەكات و گوێی ناداتێ, ئەگەر بێت و لە ئایندەدا بەغدا هەروا بەردەوام بێت ئەوا بیر لە چارەیەکی دی دەكەینەوە.
سەرباز واحید




