٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەو منداڵانەی داعش چەوساندوونیەتیەوە، قەرەبوو دەكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info-(ئەشواق جاف) دەڵێ، ئەو منداڵانەی داعش خراپەی لەگەڵ کردوون، ئەوا بە یاسای قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی تیرۆر قەرەبوو دەكرێنەوە.
(ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری تاوانەكانی‌ داعش دەرهەق بەمنداڵانی‌ عێراق لەلایەن لێژنەكانی یاسایی و مافی مرۆژ و منداڵان و ئافرەتان پێداچوونەوەی بۆكراوە، بەڵام لە كاتی خوێندنەوەی بڕیارەكە لە پەرلەمانی عێراق چەند ئەندامیك ڕەخنەیان گرت و، ئەوە بوو كە سەرۆكی پەرلەمان خوێندنەوەكەی دواخست".
(ئەشواق جاف) گوتیشی: ڕەخنەكان لەوە گیراوە لە بڕیارەكەدا نووسراوە "منداڵانی شیعە و توركمانی شیعە و كوردی فەیلی و ئێزدی و شەبەك و هەموو منداڵانی تری عێراق سوودمەند دەبن لەم بڕیارە، بەڵام داوا كرا لە بڕیارەكەدا بنووسرێت منداڵانی عێراق. چونكە منداڵانی عێراق هەمووی عێراقین ناكرێت بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و، ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ زیادبوونی ململانێی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی.
پێوەست بە ناوەرۆكی بڕیارەكە (ئەشواق جاف) گوتی: "بڕیاری تاوانەكانی‌ داعش دەرهەق بە منداڵانی‌ عێراق دەڵێت، هەر منداڵێک بە دەستی داعش كوژرابێت، یان زیندەبەچاڵ کرابێت یان هەڕەشەی کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی لێ کرابێ، یان فرۆشرابێ، یان لاقە کرابێ، یان ئەزیەت درابێ، ئەوە تاوانێکی نامرۆڤانەی لێ کراوە و بە یاسای قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی  تیرۆر ، قەرەبوو دەكرێتەوە؛ بڕیارەكە لە سێ خاڵ پێك هاتووە:
خاڵی یەكەم بریتییە لە باسكردنی تاوانەكانی داعش دەرهەق بە منداڵانی عێراق.
خاڵی دووەم داوا دەكات منداڵانیش وەكو گەورەكان سوودمەند بن لە یاسای قەرەبووی قوربانیانی تیرۆر.
خاڵی سێیەم داوا لە میدیا عێراقییەكان و حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە ئەم تاوانانەی دەرهەق بە منداڵان كراوە لە لایەن داعشەوە بە جیهان بناسێندرێت."
(جاف) گوتیشی هیوادارێن ئەم بڕیارە زوو پەسەند بكرێت، چونكە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئەو منداڵانەی كوردن و، داعش چەوساندوونیەتیەوە هەروەک بڕیارەكە كوردی فەیلی و ئێزیدی و شەبەكیش دەگرێتەوە.
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار