٤٠ھەزار کەس گەڕاونەتەوە کۆبانی

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ دەڵێ، گەڕانەوەی ئاوارە بۆ کۆبانی بەردەوامە و، تا ئێستا نزیکەی ٤٠ھەزار کەس گەڕاونەتەوە، بەڵام ژیانیان زۆر سەختە و، دەبێ باروبوو بکرێن.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ عەمید (تەلعەت زراری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ کۆبانێ و، گوندەکانی دەوروبەری بەردەوامە و، تاوەکو ئێستاش نزیکەی ٤٠ھەزار کەس گەڕاونەتەوە، بەڵام زیاتر ئەوانەن کە خەڵکی گوندەکانی دوروبەری کۆبانێنە."
عەمید (تەلعەت زراری) گوتیشی، ئەو خەڵکەی گەڕاونەتەوە بۆ کۆبانێ پێویستییەکی زۆریان بە ھاوکاری ھەیە و، ژیانیان زۆر سەختە؛ پێشتر نانەواخانەیەک ھەبوو بە خۆڕایی نانی پێ دەدان لە کۆبانێ بەڵام ئەویش نەما. جگە لەوەش ھاوکارییان بە کەمی پێدەگات؛ دوو سێ جارێک لە تورکیاوە ھاوکارییان بۆ ھاتووە و، بەڵام خەڵکەکە دەڵێن پەیەدە پێیان نادەن و، لە کۆگاکان ھەڵیدەگرن بۆ شەڕڤانان.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ ڕوونیشی کردەوە، داواکارییەکی خەڵکی کۆبانێ ئەوەیە گرێسپی و دەوروبەری ڕزگار بکرێت، چونکە ئەگەر ئەو ناوچەیە ڕزگار بکرێت ئەو کات ڕێگای نێوان قامشلۆ و حەسەکە دەکرێتەوە و، ھاتوچۆ دەبێت بۆ گەیاندنی ھاوکاریش.
(زراری) ئەوەیشی ئاشکرا کرد، خەڵکی کۆبانێ خۆشەویستییەکی ڕادەبەدەریان بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە و، خەڵکێک زۆر ناوی منداڵەکانیان بە ناوی سەرۆک بارزانی و، باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد (مەلا مستەفا بارزانی) کردووە، ئەمەش وەکو خۆشەویستییەک بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




