جەلەولا..كەس ئاگای لە كۆبوونەوەی ئەو دوو بەرپرسە کوردە و میلیشیا شیعەكان نییە!

جەلەولا -KDP.info- ئەندامێكی پێشوی ئەنجوومەنی پاریزگای دیالە دەڵێ ئیدارەی جەلەولا و خەڵكەكەی هیچ ئاگادارییەكیان لەو كۆبوونەوانە نییە كە دوو بەرپرس بە دزییەوە لەگەڵ میلیشیا شیعەكاندا دەیكەن.
(عامر ڕەفعەت) ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پاریزگای دیالە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی دەڵێ: ئیدارەی جەلەولا و خەڵكەكەی هیچ ئاگاداریەكیان لەو كۆبوونەوانە نیە كە لەگەڵ میلیشیا شیعەكان دەكرێت، ئەو كۆبوونەوانە تەنیا لە ئاستی دوو بەرپرسی ناوچەكە دەكرێت بە شاراوەیی کە سەر بە پارتێکی کوردیی دەستەڵاتداری ئەوێن. حكوومەتی عێراق گوشارێكی زۆری دروست كردووە بۆئەوەی ئاساییششی جەلەولا وەربگرێت و دۆسیە ئەمنیەكان لەژیر دەستی حكوومەتی عێراق بێت، بەڵام ڕازیبوونی سەركردە كوردەكان بەم داوایە زۆر شتێكی خراپ و نەخوازراوە بۆ ناوچەكە و سەرجەم پێكهاتەكان.
پێوەست بە گەرانەوەی ئاوارەكانی جەلەولا (عامر ڕەفعەت) دەڵی: "تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هیچ خێزانێك بە فەرمی نەگەڕاوەتەوە شاری جەلەولا، لە كۆی ئەو هەموو خێزانەی شاری جەلەولا شەش حەفت خێزانیك لە جەلەولان كە هەندێكیان پاسەوانی لە ماڵەكانیان دەكەن لە ترسی میلیشیا شیعەكان؛ یەكیكیان نانەواخانەی هەیە نان بۆ پێشمەرگە دەکات و یەكێكی ترێش دووكانێكی داناوە بۆ فرۆشتنی كەلوپەلی پێویست بە پێشمەرگەكان."
ئاماژەیشی دا كە "دوای چوارمانگ ئاوارەیی خەڵکی جەلەولا هێشتا ناوێرن بگەڕێنەوە کەچی جەلەولا ئازادیش کراوە؛ پێویستە بەرپرسانی ناوچەكە واز لە بەرژەوەندییە تەسكە حزبییەكانیان بێنن و خەمێك لە ڕەوشی ئەم هەموو خێزانە بخۆن كە بە نەهامەتی لە ئاوارەییدان."
سەرباز واحید




