یاسایەكی تایبەت بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئامادە دەکرێ

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی شەهیدان و پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، هەرچەندە تا ئێستا سێ جار یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان هەموار كراوەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە خزمەتێكی بەرچاویان پێ بكات بۆیە لە هەوڵدان سەرلەبەری یاساكە دابڕێژنەوە.
هەورامان گەچێنەیی ئەندامی لیژنەی شەهیدان و پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئەو كەموكورتیانەی كە لە یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیداندا هەیە، پەرلەمانی كوردستان و، كەسوكاری شەهیدان و، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیش كۆكن لەسەر ئەوەی كە ئەو یاسایە ئیتر هەموار نەكرێتەوە، بەڵكو سەرلەبەری یاساكە دابڕێژرێتەوە.
گوتیشی هەرچەندە تا ئێستا سێ جار یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان هەموار كراوەتەوە بەڵام ئێستایشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە خزمەتێكی بەرچاو بە كەسوكاری شەهیدان وئەنفالكراوان بكات داخوازیەكانیان جێبەجێ بكات.
ئەندامەكەی لیژنەی شەهیدان و پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیكە لەو بوارەدا لیژنەكەیان داوای لەسەرۆكی پەرلەمان كردوە ئاسانكاریان بۆ بكات بۆ ئەوەی سەردانی چەند وڵاتێك بكەن بە تایبەت وڵاتی ئێران بۆئەوەی ئەزمونی ئەو ولاتانەش وەربگرن بتوانن پرۆژە یاسایەكی گونجاو لە بەرژەوەندی سەرەجەم كەوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕێك بخەن.
ئاسۆ عەلی




