کەرتی نەوتی هەرێم بە دامەزراوەیی دەکرێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوتی پەسەند کرد؛ گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد دەڵێ، مادامەکینێ ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند کرا، کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان وردەوردە دەبێتە دامەزراوە.
(محەمەد عەلی یاسین) گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی کوردستان کۆ بوونەوە و، متمانەیان بە وەزیرێکی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دا و، سوێندە یاساییەکەیشی خوارد. پاشان پەرلەمانتاران پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوتیشیان پەسەند کرد.
(محەمەد عەلی یاسین) گوتیشی، پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە گەلێ گرنگ بوو، هەم داھاتی نەوت ڕێک دەخات و، هەمیش کەرتی نەوت دەکاتە دامەزراوە.
(یاسین) ڕوونیشی کردەوە، بڕیارە حکوومەت دوو پڕۆژەیاسای دیکەیش بنێرێتە پەرلەمان؛ پڕۆژەیاسای دەرھێنانی نەوت و، پڕۆژەیاسایی بازاڕپەیداکردن بۆ نەوتەکە؛ دیارە بەو دوو پڕۆژەیاسایە کەرتی نەوت بە تەواوەتی دەبێتە دامەزراوە.
بڵند ئیبراھیم




