دوابڕیار لای وەزیری ئەوقافە.. چەند مامۆستایەك لەسەر گوتاردان لادراون

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی كوردستان شێخ (سیراج خەیلانی) دەڵێت: "دەستەڵات بە بەڕێوەبەرە گشتییەكان دراوە، ڕێكاری توند لەگەڵ ئەو مامۆستایانە بگرنە بەر كە گوتاری هەینییان بە لاڕێدا بردووە".
سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان شێخ (سیراج خەیلانی) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی راگەیاند: "لەبارەی گوتاری مینبەرەكانی مزگەوتەوە، زیاد لە چەند جارێك لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا كۆ بووینەتەوە، لەوانە یەكیەتیی زانایان كە هەر زوو وەڵامیان داینەوە و فەتوایان دەركرد بە ڕەوابوونی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ و، هەروەها فەتوایان دەدا پێشمەرگە شەهیدە، كە ئەمە وای كرد پێشمەرگە دوودڵ نەبێت لەو شەڕانەی لەگەڵ داعشدا دەیكات".
شێخ (سیراج) گوتیشی: "لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییشدا كۆ بووینەوە و سێ جار ئەو پرسەمان لەگەڵیاندا باس كردووە، بەڵام مینبەریش ئازادە، بۆیە ویستمان بە پڕۆژەیاسا گوتارەكان ڕێك بخەین، بەڵام سەری نەگرت، ئێستایش دوابڕیار لای وەزیری ئەوقافە، بۆیە داوامان كرد بەدواداچوون بۆ گوتاری ئەو مامۆستایانە بكرێت كە گوتارەكانیان بە لاڕێدا دەبەن و، ئەگەر هەر بەردەوام بوون، ئەوا وەزیر دەستەڵات بداتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان رێكاری توند بگرنە بەر و، تەنانەت دەستەڵات دراوە، مامۆستایانی ئایینییش لەسەر كار لابدرێن".
دەشڵێت: "دەبێ وەزارەتی ئەوقاف ڕێنماییەكانی توند لە دژی ئەو مامۆستیانە دەربكات كە گوتار بە لاڕێدا دەبەن و تا ئێستایش چەند مامۆستایەك لەسەر گوتاردان لادراون".
کارزان سەباح هەورامی




