مەحما خەلیل: حكوومەتی عێراق هیچی بۆ ئێزدییەكان نەكردووە

شنگال-KDP.info- گوتەبێژی ئێزدییەكان دەڵێ، حكوومەتی هەرێم شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەك و بە هەموو تواناوە هەوڵی ڕزگاركردنی كەسوكاری ئێزدییەكان و ئازادكردنی ناوچەكانیان دەدات، بەڵام جێگەی داخە تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچی بۆ ئێزدییەكان نەكردووە.
گوتەبێژی ئێزدییەكان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (مەحما خەلیل)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "بە داخەوە حكوومەتی عێراق بەرانبەر بەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە، هیچ شتێكی ئەوتۆی بۆ نەكردووە و هەوڵی نەداوە كارەساتەكە بە جینۆساید بناسرێت، هەروەها خۆی لە ئێزدییەكان بێباك كردووە و بە چاوێكی كەم تەماشای كوردانی ئێزدی دەكات".
(خەلیل) روونیشی كردەوە، پێویست بوو حكوومەتی عێراق لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكار بووایە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەی ئازاد كراون، بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، بەڵام داخەوە تا ئێستا یەك بەرپرسی حكوومەتی عێراق سەردانی ناوچە ئێزدینشینەكانی نەكردووە و بە دەم داواكاریی خەڵكی ئێزدییەوە نەهاتووە تا كێشەكانیان چارە بكرێن.
گوتەبێژەی ئێزدییەكان ئاماژەیشی دا: "ئێمە وەك ئێزدییەكان زۆر سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە هەر لە یەكەم رۆژی ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكاندا هات تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، شەو و رۆژیان بۆ ڕزگاركردنی كەسوكاری ئێزدییەكان و ئازادكردنی شوێنەكانیان خستووەتە سەر یەك، هێندەی (سەرۆك بارزانی)ــیش لە خەمی شنگال و ئێزدییەكاندایە، بەرپرسانی ئێزدی و كەسانی دیكەیش ئەوەندە خەم لە ئازار و مەینەتییەكانی ئێزدییەكان ناخۆن".
رابین شێروانی




