٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا بڕێكی زیاتر پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەرێمی كوردستان لە مانگی سێدا نزیكەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بۆیە پێویستە بەغدا ئەم جارە پارەی زیاتر لە جارانی پێشوو بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، چونكە لە ئێستادا ناردنی پارە بەپێی رێژەی هەناردەی نەوتە.

سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (شێركۆ جەودەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو پلانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت دایناوە، لە مانگی سێدا ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە كراوە و لەم مانگەیشەوە رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، بەمەیش رۆژ بە رۆژ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە زیاد دەكات و دەگاتە ئەو ئاستەی كە هەرێم پێویستی پێی هەیە.

دكتۆر (شێركۆ) گوتیشی، لە ئێستادا بەغدا بەپێی نەوتی هەناردەكراو پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات و بە گوێرەی ئەو رێژەیەیش بێت، پێویستە ئەم جارە بەغدا زیاتر پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، چونكە لە دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر نەوت هەناردە كراوە.

سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، هۆكاری درنگ رەوانەكردنی پارە لە بەغداوە، ئەوەیە كە تا نەوتەكە دەفرۆشرێت و حیسابی بۆ دەكرێت كاتی دەوێت، بۆیە دەرنگ پارەكە رەوانە دەكرێت و دەكەوێتە كۆتایی مانگەكانەوە.

(جەودەت) راشیگەیاند، پێویستە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا، چونكە هەندێك كێشەی تەكنیكی هەن دەبێت چارە بكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا كاتەكەی دیاری نەكراوە .
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار