داعش کڕین و فرۆشتن بە ئوتومبێلی خەڵک دەکات

مووسڵ-KDP.info-بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رەوشی مووسڵ، داعش دەستیکردووە بە کڕین و فڕۆشتنی ئۆتۆمبێلی خەڵک و بەو رێگەیەوە دەیەوێ داهاتی زیاتر کۆ بکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رەوشی مووسڵ کە نەیویست ناوی ببرێت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، داعشان لەئێستادا دەستیان بەسەر ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئۆتۆمبێلی خەڵک گرتووە و بەهەوەستی خۆیان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن.
سەرچاوەکە دەیشڵێت، گشت ئەو ئۆتۆمبێلانەی داعش دەستی بەسەر داگرتوون بردوونیەتی بۆ پیشانگای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکان و لەوێ دەیانفرۆشێتەوە و ئامانجیش لەو کارەیاندا بۆ کۆکردنەوەی داهاتە.
سەبارەت بە نرخی ئۆتۆمبێلاکان سەرچاوەکە ئاماژی دا، ئۆتۆمبێلاکانیان بەجۆرێک هەرزانفرۆش کردوە کە ئەوکەسەی بیەوێ بیکڕێ بەرانبەر بە هەر بڕەپارەیەک بێ، پێی دەفرۆشن، چونکە ئەوان ئومێدیان بە مووسڵ نەماوە و دەیانەوێ بەهەموو رێگەیەک لە خەڵکی قازانج بکەن و بەجارێ ئەو شارە تاڵان بکەن.
هەژار مەموزینی




