سەرۆکی لیژنەی یاسایی: لیژنەی لێکۆڵینەوە نایاسایی کارەکان بەڕێوەدەبات

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەپەڕلەمانی كوردستان دەڵێ، دوای ئەوەی عەلی حەمە ساڵح سکاڵای لە دادگا تۆمارکرد، ئیدی من دەستم لەو لیژنەیە هەڵگرت کە بۆ لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە پێکهێنرابوو، چونکە کە دادگا دەستی بۆ کەیسێک برد، دەبێ گشت لیژنەکانی دەرەوەی دادگا رابگیرێن؛ هەڵبەت لیژنەکە کە پێکیشهێنرابوو ناتوانێ بڕیار دەربکات، چونکە هیچ ماددەیەکی یاسایی لە پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان نییە کە وا ریکخرابێ و دەستەڵاتی وای بە لیژنەکە بەخشیبێ بڕیار دەرچوێنێت.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەڕلەمانی كوردستان ڤالا فەرید ئیبراهیم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: " ئەو لیژنەی پەڕلەمان دروستی كردبوو بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی نێو پەڕلەمان، دوینێ دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەمان پێ گەیشت كە (عەلی حەمە ساڵح ) سكاڵای لە دادگا تۆماركردووە، خۆم بە لیژنەكەم ڕاگەیاند كە لیژنەكە كارەكەی ڕادەوەستێت بەپێی یاسا چونكە هەر كەیسێك لە دادگاوە دەستی بۆ ببرێت لەشوێنەکانی دی لێکۆڵینەوە دەبێ رابگیرێن، ئەو کەیسەیش یەک رووداوە و نابێ لەدوو دەستەڵاتی جیاوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
ڤالا فەرید دەیشڵێت، دوای ئەوەی روونکردنەوەی یاساییم راگەیاند دیارە لیژنەکە دەڵێن بەردەوامدەبین لە لێکۆڵینەوە و کارەکە راناگرین، بۆیە منیش پێیانم گوت ئاخر وەک سەرۆکی لیژنەی یاسایی ناتوانم لە لیژنەیەکی نایاسایی کاربکەم.
ڤالا ئاماژەی دا کە، دروستبوونی لیژنەكە خۆی بەنایاسایی پێکهینرا چونکە سەرۆكی پەڕلەمان لە دروستكردنیشیدا پشتی بە ماددەی 17 بەستووە كەچی ئەو ماددەیە دەستەڵات نادات بە لیژنەی لێکۆڵینەوە.
ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوە کە دروستبووە ناتوانێ بڕیار دەربکات، چونکە هەر بڕیارێک دەربچێت دەبێ بە ماددەیەک لە پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان ئاماژەی پێکرابێ، بەڵام لەپێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان بەهیچ شێوەیەک ماددەیەکی لەو چەشنە نییە کە دەستەڵاتێکی وەها بداتە پێکهێنانی لیژنە.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەڕلەمانی كوردستان روونیدەکاتەوە کە، ماددەی (17) باس لە لێكۆڵینەوە ناكات، بەڵكو باس لەوە دەكات پێویستە لە سەر سەرۆكی پەڕلەمان رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر كاتێك ئاساییشی ناوخۆیی تێك دەچێ، جا لەدەمی رووداوەکەشدا سەرۆکی پەرلەمان ئەوکارەی کرد، دوو پەرلەمانتاری پارتیمانی لە دانیشتنەکانی ئەو رۆژدا بێبەش کرد.
نەشوان بەرزنجی




