کاندیدی پارێزگاری هەڵەبجە: یەکێتی رازیبووە پارتی سەرۆکی ئەنجوومەن وەربگرێ

هەڵەبجە-KDP.info-کاندیدی گۆڕان بۆ پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێ، یەکێتی رازیبووە کە پارتیی لە هەڵەبجە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەی پێبدرێت.
عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردودا گەڵێک کۆبوونەوە بۆ پێکهینانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە کران، بەڵام بەداخەوە وادەیەکی زۆری خایاند و نەتوانرا بەزوویی پۆستەکان دابەش بکرێن، لەئێستادا ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئیدی گرفتەکان تەواوبوون و کاتی رەوانە کردنی ناوەکان دێ.
گوتیشی، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە ئەندامێكی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێی دراوە كێشەی وەرگرتنی پۆستی قائیمقام و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا لەنێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نشتیمانی كوردستان چارە بوە و یەكێتی ڕازیبوە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بدرێتە پارتیی.
نەوڕۆڵی دەیشڵێت، دوو جێگر بۆ پارێزگاری هەڵەبجە دانراون كە یەكێكیان بە لیستی خزمەت و ئەوی دیكەشیان بە یەكێتی دەدریت، بۆیە لەئێستادا لە چاوەڕوانی ئەوەدان ئەو دوولایەنە كاندیدەكانی خۆیان دیاری بكەن تا ئیدی تێکڕای ناوەکان رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئاسۆعەلی




