٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی و نەوشیروان مستەفا دەڵێن مەرجی سەرکەوتن یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  (نەوشیروان مستەفا) و (فازڵ میرانی) لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیاندا لە سلێمانی، جەختیان لە یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد کردەوە و رایانگەیاند کە، مەرجی سەرکەوتن یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردە؛ (فازڵ میرانی­)ـیش دەڵێ، نامانەوێ بە دوای رووداوەکان بکەوین، بۆیە کات بەفیڕۆ نادەین.


ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری سلێمانیان کرد و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆراندا کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش رێکخەری گشتیی بزووتنەووەی گۆران (نەوشیروان مستەفا) بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا باسیان لە دۆخی ناوخۆی ھەرێم وعێراق و رۆژھەڵاتی ناوین کردووە، تا تێگەیشتنێکی ھاوبەش ھەبێت بۆ ئەو کێشانەی خەڵک باسیان لێ دەکات لە ھەرێم وعێراق و ناوچەکە، بە تایبەتی رووداوەکانی یەمەن و شوێنەکانی دی، بەڵام باسمان لەوە کرد کە مەرجی سەرکەوتنمان یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردە."

(نەوشیروان مستەفا) گوتیشی، "گفتوگۆیشمان پێوەست بە کۆتاییهاتنی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بە پێویستمان زانی کۆدەنگیی هەمەلایەنە لەسەر ئەو بابەتە هەبێت و  بۆچوونێکی هاوبەش دروست بکریت، دوایی لە پەرلەمان یەکلای بکرێتەوە."

لای خۆشیەوە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) گوتی، "مەبەستی سەردانی ئێمە بۆ پرسە ستراتیژییەکان بووە، چونکە عێراق لە شەڕێکی ناوخۆییدایە و ئێمەیشی گرتووەتەوە، زۆر پرسی دیکەش لە ناوچەکە ھەن بۆیە ھەر رووداوێک ھەبێت پریشکی بۆ ئێمەیش دێ."


(فازڵ میرانی )ڕوونیشی کردەوە، "ئێمە پێویستە پێوەندی و یەکڕیزیی خۆمان بەھێزتر بکەینەوە و کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی چرتر بکەینەوە، پێویستە زوو زوو یەکدی ببینین و زیاتر بۆچوونەکان لە یەکدی نزیک بکەینەوە."

راشیگەیاند، بە کۆبوونەوە و یەکڕیزیی لایەنەکان کێشەکانی حکوومەت و قەیرانەکانیش چارە دەبن و حکومڕانیێکی باش دەکەین ئەگەر لە یەک نزیک ببینەوە و پێکەوە کار بکەین.
(میرانی) دەیشڵێت، ئەمڕۆ یەکەم سەردان بوو، ئەم سەردانە بەردەوام دەبێت و ھەموو شتێک بەشەو رۆژێک ناکرێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت کات لە دەست بدەین، چونکە رووداوەکان زوو زوو روودەدەن و ئێمەش نامانەوێت بە دوای رووداوەکان بکەوین.


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار