وەزارەتی پێشمەرگە گلەیی لە هاوپەیمانان و حكوومەتی عێراق هەیە

هەولێر-KDP.info- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، باسی ئەو هاوكاریانە دەكات كە بە شێوەی نایەكسان دەگەنە دەست هێزی پێشمەرگە و دەڵێت: "دەبێت پێشمەرگە زیاتر هاوكاری بكرێت".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە (جەبار یاوەر) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بە داخەوە لە ماوەی ڕابردوودا نزیكەی 300 زرێپۆشی جۆری "ئیمپرایس" كە جۆرێكی بەهێزە و دژەتانكە، دراوەتە حكوومەتی عێراق، بەڵام لەو ڕێژەیە نزیكەی 10% رادەستی هەرێمی كوردستان كراوە، بۆیە ئێمە لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانان گلەیی و ڕەخنەمان لەو شێوازە هەبوو كە دەبوو ڕێژەی 25% بدرایەتە هێزی پێشمەرگە كە لە كۆی 300 دانە لەو زرێپۆشانە كوردستان 25 دانەی رادەست كراوە، بۆیە لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و فەرماندە باڵاكانی ئەمەریكا باسی ئەو بابەتە كراوە و هەرێمی كوردستان بە كەمی دەزانێت".
(یاوەر) گوتیشی: "پشكی ئێمە لەو چەكانەی دێنە عێراق دەبێت چاوخشانەوەی پێدا بكرێت كە پێشمەرگە بە درێژایی 1200 كیلۆمەتر بەرانبەر بە داعش شەڕ دەكات، خۆ ناكرێت بە چاوی هێزێكی بچووك تەماشا بكرێت، بۆیە ئەمانە جێگەی نیگەرانی بوون بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و داوای كرد كە بە یەكسانی ئەو چەكانە دابەش بكرێن".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەیشی دا: "لە 2003ـوە تا ئێستا هێزەكانی ئێمە لە ڕووی بوودجە و مووچە و چەكەوە هاوكاری نەكراون و ڕەخنەیشمان لە هاوپەیمانان ئەوەیە كە لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقەوە هاوكاری هێزی پێمەشمەرگەی كوردستانیان نەكردووە، ئەوەیشی كراوە كەم بووە و شیاوی باسكردن نەبووە هەروەها لە ئاستی ئەو شەڕەدا نەبووە كە پێشمەرگە لە ناوچەكە دەیكات كە پێشمەرگە سنوورێكی یەكجار فراوانی لەگەڵ داعشدا هەیە، ئەمەیش وا دەكات كە دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە زیاتر هاوكاریی پێشمەرگە بكرێت و چەكی باشتر و قورستری بۆ بنێردرێت".
كارزان سەباح هەورامی




