سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان و عێراق دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لە ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حیزبی شیوعیی کوردستان و عێراقدا، لەگەڵ ئەوەدا کە دەستخۆشیی لە شیوعییە کوردستانییەکان دەکات کە بەشدارن لە ئەرکی بەرگریکردن لە گەل و وڵات، ئەو چاوەڕوانییەشی لە ئەوان و تێكڕای لایەنە سیاسی و ئازادیخوازەكان هەیە، دژی توندڕۆیی بوەستنەوە و شەڕی ئایدیۆلۆژیای نامرۆڤانەی تیرۆر بكەن.
دەقی پەیامی (سەرۆک بارزانی):
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان و عێراق
لە یادی هەشتاویەک ساڵەی دامەزراندنی حزبە تێکۆشەرەکەتاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حزبتان دەکەم.
حزبی شیوعی خاوەنی خەباتێكی پڕشنگدار و قوربانیدانە و بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەبووە و پاڵپشتیی كردووە. شیوعییەکانی کوردستان و عێراق، هەمیشە پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بوونە و، جێی دەستیشیان لە خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هزری و فەرهەنگیی گەلانی عێراق بە ڕوونی دیارە و، لەژێر چەتری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەشێک بوون لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان. ئێستایش کە گەل و وڵاتەکەمان لەلایەن تیرۆریستانی دڕندەوە شەڕی بەسەردا سەپێندراوە و توندڕۆیی و ئینكار و تاییفەگەری بەرۆكی وڵاتمان و ناوچەكەی گرتووە، لە کاتێکدا دەستخۆشیی لە شیوعییە کوردستانییەکان دەکەم کە بەشدارن لە ئەرکی بەرگرییکردن لە گەل و وڵات، ئەو چاوەڕوانییەش لە ئێوە و تێكڕای لایەنە سیاسی و ئازادیخوازەكان هەیە دژی توندڕۆیی بوەستن و شەڕی ئایدیۆلۆژیای نامرۆڤانەی تیرۆر بكەن.
لە كاتێكدا بەوپەڕی شانازییەوە یادی خەباتی حزبە خەباتگێڕەکەتان دەكەینەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/3/2015




