٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حوسێن یەزدانپەنا: لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد، جینۆسایدکردنی كورد بوو

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك -KDP.info- جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان دەڵێ، لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدیش جینۆسایدکردنی نەتەوەی كورد بوو؛ ئامانج لێی پەرشوبڵاوكردنی میللەتی كورد بوو، ئەم ساڵوەگەڕی شەهیدکرانەی پێشەوا، بیرەوەرییەكی تاڵە لە مێژووی گەلەكەماندا.

(حوسێن یەزدانپەنا) جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان و، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی دەڵێ: "ئەمڕۆ بیرەوەرییەكی تاڵە لە مێژوی گەلەكەماندا كە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدە؛ لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد جینۆسایدێكی نەتەوەی كورد بوو، هەتا نەتەوەی کوردی پێ پەرشوبڵاو بکەن. لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد نەهامەتییەکی گەورە بوو بۆ نەتەوەی كورد، بەڵام هاوڕێ و هاوپەیمانەكەی پێشەوا، واتە (بارزانی نەمر) وای كرد ئەم ڕێبازە درێژەی هەبێت و چەندەها شۆڕشی تری بەرپا كرد لە كوردستان، ئەگەرچی لەسێدارەدانی پێشەوا بووە مایەی تازیەباری، بەڵام لەلایەكی تریشەوە وای كرد كە خەڵكانێكی زۆر لە هەموو پارچەكاندا ڕوو لە شۆڕشەكان بكەن. حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئازادیی ئەم پارچەی كوردستان بەرهەمی شۆڕشەكانی پێشەوا قازی محەمەد و بارزانی نەمر و، سەركردەكانی پێش ئەوانە و، دەستەخوشكی كۆمارەکەی 69 ساڵ لەمەوبەری کوردستانە."


(حوسێن یەزدانپەنا) گوتیشی: "پێشەوا سیمبولی دەوڵەتی جمهووریی كوردستان بوو، كە ئەم دەوڵەتە بەرهەمی هاوپەیمانیەتی هەردوو سەركردە میژووییەکەی كورد (پێشەوا قازی محەمەد و بارزانی نەمر)  بوو، بەڵام بە داخەوە 11 مانگ دوای دامەزراندنی دەوڵەتەكە شای ئێران هێرشی كردە سەر كۆمارەكە و ڕووخاندی، هەرچەندە تەمەنی كۆماری كوردستان كورت بوو بەڵام لەو ماوەیەدا هەنگاوی زۆر میژوویی و گرنگ هاوێژرا. ئەو زوڵمەی لە یەكەم جەنگی جیهانی لە كورد كرا و بەشبەش كرا و، شۆڕشەكانی تێك شكێندرا لە باكوور و باشووری كوردستان و، چەندەها ڕێككەوتننامە كرا بۆ پارچەپارچەكردنی كورد، بەڵام بە دامەزراندنی كۆماری كوردستان هەموو ئەو هەوڵ و پیلانانەی وڵاتان هەڵتەكێندرا؛ ئەو کۆمارە بەرهەمی خەباتی سەركردەكانی وەك بارزانی نەمر و شێخ عوبێدوڵای نەهری و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و میربەدرخان و شێخ مەحموود بوو؛ ئامانجەكانیان لە كۆماردا دۆزرایەوە و بەدی هات."

فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك گوتیشی: "فەلسەفەی بوونی پارتیی ئازادیی كوردستان ئەوەیە لە هەر ناوچەیەكی كوردستان ئارەقە و خەبات و خوێن پێویست بێت لەوێ بێت و خەبات بكات، ئێمە سڵ لە دوژمنانی گەلەكەمان ناكەینەوە و، بەردەوام دەبین لە ڕێبازی پێشەوا، وەك چۆن ئیستا هێزی پارتیی ئازادیی كوردستان لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگە لە باشووری كەركووكی دڵی كوردستاندایە."


جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان داوایشی كرد كە پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی شەهیدكرانی پێشەوا قازی محەمەد، بكەن بە ڕۆژی شەهیدانی كوردستان، با ببێت بە بۆنەیەكی فەرمی و نەتەوەیی."


سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار