نوێنەری هەدەپە باس لە نێوەرۆکی پەیامی ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی دەکات

هەولێر-KDP.info- نوێنەری هەدەپە باسی پەیامی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتیی كرێكارانی كوردستان دەكات بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەڵێت، پەیامەكە بۆ سەرۆك بارزانی گرینگە، چونكە پەیامی تازەی تێدایە.
نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان (عابید ئیكە) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "درەنگانی شەوی ڕابرد (30/3/2015)، شاندێكی پارتی هەدەپە بە سەرۆكایەتیی ئەندامی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا و هەروەها ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی (سری سوورەیا ئۆندەر) و ئەندامی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا (لەیەلا زانا) گەیشتنە شاری هەولێر كە بڕیارە ماوەی هەفتەیەكیش بمێننەوە".
(ئیكە) گوتی: "شاندەكە پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەگەیەنێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) كە پێشبینی دەكرێت چەند خاڵێكی گرینگی تێدا بێت، لەوانە یەكدەنگیی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و گرینگیی كۆنگرەی نەتەوەیی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەدا، لە هەمان كاتدا ئاماژەیەكە بۆ پرسی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەكە و ڕێگەچارەی كورد بۆ قەیرانەكان".
نوێنەری (هەدەپە) لە هەرێمی كوردستان دەشڵێت: "دواتر شاندەكە سەردانی سكرتێری گشتیی یەكێتی (جەلال تاڵەبانی) و حزبە سیاسییەكانی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكەن".
گوتیشی: "پەیامی (ئۆجەلان) بۆ (سەرۆك بارزانی) شتێكی گرینگ و نوێیە و جیاوازە لەو پەیامەكەی لە ئامەد خوێندرایەوە، بەڵام زیاتر ناوەڕۆكەكەی لەو نامەدایە كە بۆ (سەرۆك بارزانی) نێردراوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كەسایەتییەكی كاریگەرە لە ناوچەكەدا و، بۆیە پەیامەكە لەم كاتەدا گرینگە، چونکە پرسی كۆنگرەی نەتەوەیی و كۆمەڵێك پرسی گرینگی دیكە لە ڕۆژەڤدان".
کارزان سەباح هەورامی




