پەرلەمان بەدواداچوون بۆ بەپارێزگاكردنی سۆران دەكات

سۆران-KDP.info- لە ساڵی 1999ـ وە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری داوە سۆران و چەند ناوچەیەكی دیكە بكرێنە پارێزگا، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە نەچووەتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: "ئێمە وەك پەرلەمانتاران، بە تایبەتی پەرلەمانتارانی ئەو دەڤەرە، بەدواداچوونمان كردووە و ئیمزامان كۆ كردوونەتەوە و یاداشتێكیشمان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كە تێیدا داوامان لە حكوومەتی هەرێم كردووە بۆ ئەوەی هەرچی زووە پەلە لە بەپارێزگاكردنی قەزای سۆراندا بكرێت".
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی (فەرحان جەوهەر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لە ساڵی 1999 بڕیار لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە كە سۆران بكرێتە پارێزگا، ئێمەیش ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران ئیمزامان كۆ كردوونەتەوە و داوامان لە حكوومەت كردووە، هەرچی زووە ئەو بریارە جێبەجێ بكات، سۆران وەك شاری كۆیە نییە، كە بڕیار وایە رۆژی سێشەممە خوێندنەوەی یەكەم بۆ بەپارێزگاكردنی ئەو شارە بكرێت، بۆ سۆران و چەند ناوچەیەكی دیكە بڕیار دراوە".
(جەوهەر) گوتیشی: "ئێمە وەك پەرلەمانتاران بەردەوام بەدواداچوون دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمان داویەتی بۆ سۆران لەلایەن حكوومەتەوە جێبەجێ بكرێت و سۆران بكرێتە پارێزگا، چونكە شاری سۆران رۆژ لە دوای رۆژ گەورە دەبێت و لە چەند قەزایەكی دەوروبەر نزیكە كە بۆ ئەو قەزایانە بووەتە ناوەندێك".
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەیشی دا: "تا ئێستا حكوومەتی هەرێم وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە، بەڵام ئێمە زیاتر پێداگری دەكەین و بەردەوام هەوڵی خۆمان دەدەین و لە هەوڵەكانیش بەردەوام دەبین تا حكوومەت بڕیاری پەرلەمان جێبەجێ دەكات".
رابین شێروانی




