٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەی دواوادەی ڕێککەوتنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانە

سەرچاوە: KDP.info

سویسرا-KDP.info-  به‌گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ڕۆژی 3شەممە دوا وادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، کۆبوونەوەکان لە جاران چڕتر و خەستتر بوونەتەوە و ئاماژەکان بە ئاڕاستەی ڕێککەوتنن.

 

لە (لاوسان)ـی سویسرا ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی شەش وڵاتە زلهێزەکەی جیهان، کە بریتین لە (ئەمەریکا و، ئەڵمانیا و، فەرەنسا و، بەریتانیا و، چین و ڕووسیا) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا دانیشتن و گفتوگۆی چڕوپڕ دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دانیشتنەکان و، گفتوگۆکان قەت هێندەی ئێستا گەرموگوڕ و لە یەکتری نزیک نەبوون، دەسەڵاتدارانی هەردوولا دەیانەوێت بڕیارێکی سەخت بدەن، هەموویان دەڵێن هاتوونەتە ئێرە بە ئامانجی ڕێککەتن و، بۆ دروستکردنی مێژوو.

جیهان چی لە ئێران دەوێت؟
ئەمەریکا و، بەریتانیا و، فەرەنسا و، ئەڵمانیا و، ڕووسیا و چین دەیانەوێت ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە (١٠) ساڵ هەستیارترین چالاکییە ئەتۆمیەکانی ڕابگرێت. لە بەرانبەردا ئێران دەڵێت لەسەر (١٠) ساڵ گفتوگۆ دەکەین. هەروەها ئێران سوور بووە لەسەر هێشتنەوەی چالاکیی نزیکەی (١٠) هەزار سەنتەرفیوجی، بەڵام ئەمەریکا دەڵێت دەبێت (٦) هەزار بن، تا دواجار خەریکن دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر هێشتنەوەی (٦٥٠٠) سەنتەرفیوج لە کاردا.

شیاوی گوتنە، سەرباری سەرلەنوێ هۆشداریدانەوەی (بنیامین ناتانیاهۆ) سەرۆکوەزیری ئیسرائیل لە دژی ڕێککەوتنەکە، ئاڕاستە سیاسییەکان بەرەو ڕێککەوتنن، چاوەڕێیش دەکرێت ئێوارەی سێشەممە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بچێتە دوایین مەنزڵی خۆی.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار