"سەرۆك بارزانی دوو پەیامی گرینگی دایە خەڵكی كوردستان"

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی ئاماژە بە قسەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕی تایفەگەری لە ناوچەكەدا دەكات و دەڵێت، (سەرۆك بارزانی) باش لە بارودۆخی ناوچەكە تێدەگات و سیاسەتی سەركەوتووانەی هەرێم سەلماندی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ كێدا مامەڵە دەكات.
لەبارەی قسەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) كە دوێنێ (29/3/2015)، پێشوازیی لە وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری یەكیەتیی ئەورووپای (ژان ئاسڵ بۆرن) و شاندێكی یاوەری كرد كە تێیدا ئاماژەی بەوە دا ناوچەكە تووشی شەڕێكی تایفەگەری بووە و كورد بەشێك نییە لەو شەڕە، لە هەمان كاتدا گوتی: "داعش مەترسییە بۆ هەموو ناوچەكە و دەبێت سەرچاوە داراییەكانی ببڕێت".
چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (عەبدولسەلام بەرواری)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "(سەرۆك بارزانی) دوو پەیامی گرینگی دایە خەڵكی كوردستان، یەكەم ئێمە بابەتێكی نەتەوەییمان هەیە و داكۆكیی لێ دەكەین و هیچ پەیوەندی بە ململانێی ئایینی و تاییفەگەرییەوە لە ناوچەكەدا نییە".
گوتیشی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی هەشتاكانیش هەوڵی دەدا ناكۆكییەكانی شیعە و سوننە بە دیالۆگ چارە بكات و هەوڵی داوە ڕێگایەكی نوێ بۆ ئەو ناكۆكیانە بدۆزێتەوە، ئەم هەڵوێستە بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی لە 2003 عێراق ئازاد كرا و، (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵی لە پێكهێنانی حكوومەت و لێكنزیككردنەوەی لایەنەكاندا بینی، بە پێچەوانەی هەندێك سەركردەی عێراق كە ئاگری شەڕیان خۆش كرد تا كار گەییشە ئێستا".
(بەرواری) ئەوەیشی خستە ڕوو، پەیامی (سەرۆك بارزانی) لەم دۆخەدا گرینگە، چونكە كورد بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەشێك لە شەڕی تایفەگەری لە ناوچەكە و دەبێت قسەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەهەند وەربیگرێن و سەرچاوەی دارایی داعش ببڕێت، چونكە ئەگەر ئەو سەرچاوە نەبڕێت، ئەوا داعش لە ناوچەكەدا وا بە سانایی وەدەر نانرێن.
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە: "دەبێت ئەو سەركردانەی دەستیان دایە شەڕی تایفەگەری و بڕینی قوتی خەڵك و شكستپێهێنانی دامەزراوە ئەمنییەكان، پەند لە شەڕی تایفەگەریی عێراق وەربگرن، چونكە سیاسەتی سەركەوتووانەی هەرێمی كوردستان سەلماندی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ كێدا مامەڵە دەكات".
کارزان سەباح هەورامی




