٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵمەتی قەڵاچۆكردنی شانەكانی داعش و تیرۆر لە كەركووك دەستی پێكرد

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك رایگەیاند، هەڵمەتێكی فراوان بۆ قەڵاچۆكردنی تیرۆر لە شاری كەركووك دەستی پێكردووە و سەركەوتنی باش بە دەست هاتووە.

بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك لیوا (هەڵۆ نەجات)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە مانگی 6ـی ساڵی رابردووەوە ئاساییشی كەركووك دەستیان بە هەڵمەتێكی پشكنین و گەڕانی ورد لەناو شاری كەركووك كردووە و سەركەوتنی بەرچاو بە دەست هاتووە، چونكە ڕێژەی هێرشە تیرۆرستییەكان لەو كاتەوە تائێستا تەنیا دوو حاڵەت بووە لەناو شارەكەدا".

گوتیشی: "بە ڕێژەی 95% هێرشە تیرۆریستییەكان كەمیان كردووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێڵێكی بەرگری هەیە لە دەرەوەی شار لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزگاری لێ دەكرێت و، توانیویانە شاری كەركووك بپارێزن".

(هەڵۆ نەجات) ئاماژەیشی دا: "ئەو دابڕانەی كە كەركووك ئێستا لەگەڵ قەزا و ناحیەكاندا هەیەتی، وای كردووە ئارامی زیاتر بگەڕێتەوە و ئێستایش بە بەردەوامی چاودێریی وردی ناوشاری كەركووك دەكرێت و، هەڵمەتێكی فراوانیش بۆ وەدەرنان و قەڵاچۆكردنی شانەكانی داعش و تیرۆر لە شاری كەركووك بەڕێوەیە".

بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك راشیگەیاند، ئەم هەڵمەتە كاتی دەوێت، چونكە نزیكەی 400 هەزار كەس لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە ئاوارەی كەركووك بوون، بۆیە ئاستەمە بتوانرێت بە ماوەیەكی كەم كۆنترۆڵ بكرێن، بەڵام تیرۆر لە كەركووك زۆر زۆر بێهێز بووە، بۆیە تەنانەت ناتوانن هێریش بكەن، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە لە ناوشار شانەی نوستوویان تێك شكاوە.

كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار