چوار تیرۆریستی داعش دەستگیر كران.. یەكێكیان جێگری والیی حەمرینە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێیەكانی كەركووك دەڵێت، ئەمڕۆ دوای ئاگارداركردنەوەیان، توانییان چوار تیرۆریستی داعش دەستگیر بكەن كە رۆڵی سەرەكییان لە زۆربەی شەڕەكانی سنوورەكەدا هەبووە، یەكێك لەوانیش جێگری والیی حەمرینە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمرۆ دووشەممە چوار تیرۆریستی داعشمان دەستگیر كرد دوای ئاگاداركردنەوەمان لەلایەن پۆلیسی سەڵاحەددین و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەریان" .
بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچكە و شارەدێیەكانی كەركووك گوتیشی: "ئەو چوار تیرۆریستەی داعش پێشتر سەر بە سوپای ئیسلامی بوون و بەشداریی شەڕەكانی حەمرین و ئامرڵی و عوزێم و حەویجە و دوزیان كردووە، هەروەها لە پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەددین و دیالە داواكراو بوون بەپێی ماددەی (4)ـی تیرۆر، كە بەپێی زانیارییەكان لەوێ رۆڵی سەرەكییان هەبووە و یەكێكیان جێگری والیی حەمرینە" .
عەمید (سەرحەد) ئاماژەیشی دا: "ئەو چوار تیرۆریستە هاتبوون بۆ ئەوەی لە نێو ریزی پۆلیس و هێزی عێراقیدا خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنانە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و كاركردن لەگەڵیان، بەڵام توانیمان زوو دەستگیریان بكەین" .
نەشوان بەرزنجی




