پەرلەمانتاران یەکەمخوێندنەوەی بەپارێزگاکردنی کۆیە دەکەن

هەولێر-KDP.info-پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە ئەم سێشەممەیە پەرلەمانتارانی کوردستان کۆ ببنەوە و، چوار بڕگە تاوتوێ بکەن، لەوانە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەبڕیاری بە پارێزگاکردنی کۆیە و پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوت.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (مەردان خدر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانتارانی کوردستان کۆ ببنەوە و، چوار بڕگە تاوتوێ بکەن:
یەکەم، تاوتوێکردنەوەی پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتەکانی نەوتوگاز لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق، بە پێی ماددەکانی (٧٢، ٧٤ و، ٧٥) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١)ـە هەموارکراوەکەی ساڵی ١٩٩٢.
دووەم، دەنگدان لەسەر متمانەدان و سوێندخواردنەکەی (غازی سەعید سلێمان) بۆ پۆستی وەزیری ھەرێم، بەپێی بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (پەنجاوشەشەم) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ـە هەموارکراوەکەی ساڵی ١٩٩٢.
سێیەم، دانان و ئاڵوگۆڕکردنی ھەندێک لە ئەندامانی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە پێی ماددەی (٤٤) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ژمارە (١)ـە هەموارکراوەکەی ساڵی ١٩٩٢.
چوارەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پڕۆژەبڕیارانەی خوارەوە بە پێی ماددەی (٧١) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ـە هەموارکراوەکەی ساڵی ١٩٩٢:
١ـ پڕۆژەبڕیاری بە پارێزگاکردنی شاری کۆیە لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق.
٢ـ پڕۆژەبڕیاری قەرەبووکردنەوەی شەھید و بریندارانی خۆپیشاندانەکەی ١٧ شوباتی ٢٠١١."
(مەردان خدر) گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا بتوانن لە پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوت ببنەوە و، پەسەند بکەن، چونکە پێشتر چەند مادەیەکی لێ پەسەند کراوە.
بڵند ئیبراھیم




