گەندەڵییەکی دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق کەوتە دەر

بەغدا-KDP.info- لە تۆماركردنی ناوی زیندانیانی سیاسی لە دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراقدا گەندەڵی کراوە و، چەند كەسێكیش بەو بۆنەوە دادگایی دەكرێن.
بەپێی ڕاگەیێندراوێكی دەستەی نەزاهەی عێراق كە ڕوونووسێكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، هێما بەوە كراوە سێ فەرمانبەر دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق، لەبەر گەندەڵی دادگایی كراون و زیندانی دەكرێن.
دەستەی نەزاهە ڕوونی كردووەتەوە ئەو فەرمانبەرانە بە درۆوە ناوی چەند كەسێكیان بە زیندانی سیاسی تۆمار كردووە و مووچە و خێروبێر (ئیمتیاز)یان پێ وەرگرتووە.
دادگا بە پێی ماددە 292ـی یاسای سزاوسزاکاریی عێراق، ئەو سێ فەرمانبەرەی بە چەند شێوازێك حوكم داوە، لەوانە گرتن لە 6 مانگ تا ساڵێك و، غەرامەكردنیشیان.
لە ناوەرۆكی ماددە 292ـی یاسای سزاكاریی عێراق هاتووە "هەر كەسێك بە درۆ كەسێك دروست بكات و بە هۆیەوە مۆڵەتی پێ وەربگرێت و بەكاری بهێنێت، ئەوە زیندانی و غەرامەش دەكرێت.
یەحیا سابیر




