٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ بەشارەتی ئاخرقسەی پارتی كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ئامادە نین جارێكی دیكە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە  كۆ ببنەوە ئەگەر بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی تێدا نەدرێت، تا ئێستا بڕیاریان نەداوە ببنە ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای هەڵەبجەدا، ئەگەر ناچاریش بكرێن ببنە ئۆپۆزسیۆن ئەوا هەموو لایەك زیان دەکات.
فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی 12 پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پۆستانەی كە پارتیی دیموكراتی كوردستان گفتۆگۆیان لەبارەوە دەكات لەگەڵ لایەنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا بۆیان یەكلایی نەكردوونەتەوە، بە تایبەت پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە؛ هەرچەندە لایەنەكانی گۆڕان و یەكێتی لەگەڵ لیستی خزمەت ڕێككەوتنی كۆتایییان لەبارەی پێدانی ژمارەیەك پۆست بە لیستی خزمەت واژۆ كردووە."
هەڵبەت بەشارەتی گومانی هەیە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی چەند ڕۆژ لەمەوبەری لیستی خزمەت لەگەڵ گۆڕان و یەكێتیدا، چونكە ئەوە 11 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكاندا تێپەڕێوە، بەڵام هێشتا لە سلێمانی ژمارەیەكی زۆر لەپۆستەكان بەسەر كیان و لایەنە سیاسیەكاندا دابەش نەكراون.
بەرپرسی لقی 12 پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد پارتیی دیموكراتی كوردستان جارێ بڕیاری نەداوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ببێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەگەر ناچاریش بكرێن ببنە پۆپۆزسیۆن ئەوا هەموو لایەنەكان زەرەر دەکەن. ئەوەیشی خستەڕوو بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لایەنە سیاسییەكانیش ناكەن ئەگەر بڕیاری نوێ و یەكلاكەرەوەی تێدا نەدرێت، چونكە لە كۆی 15 دانیشتنی لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە نەتوانراوە بڕیاری ئەوە بدرێت پۆستی قایمقام یاخود سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بدرێتە پارتیی دیموكراتی كوردستان.
ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار