لە تکریت ٦٠٠ داعش گەمارۆ دراوە

تکریت-KDP.info- فەرماندەی فیرقەی زێڕین دەڵێ، تکریت بە تەواوەتی گەمارۆ دراوە و، نزیکەی ٦٠٠ تیرۆریستی داعشان لەوێ گیرین خواردووە و، ڕێگەی دەرچوونیان نەماوە؛ سبەی دووسبەی لە ناوەڕاستی شاری تکریتەوە هێرشیان بۆ دەبەن.
(فازڵ بەرواری) فەرماندەی فیرقەی زێڕین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا تکریتمان تەوق کردووە؛ تکریت نزیکەی ٦٠٠ تیرۆریستێکی لێ ماوە و، ناتوانن ڕابکەن. جارێ شەڕی زەمینی ماویەتی و، ئەوە دوو سێ ڕۆژە جەنگەندەکان بێوچان دەیانکوتن و، نزیکەی ١٦٠ تیرۆریست بە بۆردومان تێدا چوونە."
(فازڵ بەرواری) گوتیشی، ئێمە جارێ ھێرشمان ڕاگرتووە و، تەنیا باسی شوێنی مۆڵگەکانی داعش دەگەیێنینە هاوپەیمانان و، ئەوانیش بۆردوومانیان دەکەن؛ وا بزانم دووسبەی ھێرش دەبەینە سەر تکریت.
فەرماندەی فیرقەی زێڕین ڕوونیشی کردەوە، ھێزەکانی حەشدیشەعبی بارەگای خۆیانیان لە دەڤەری تکریت چۆڵ نەکردووە؛ سبەی دوو سبەی دیار دەکەوێت ئەوانیش دێنە شەڕی تکریت یان دەکشێنەوە.
(فازڵ بەرواری) ڕایشیگەیاند: "نازانم بلێم بە چەند ڕۆژ تکریت ئازاد دەکەین، ئاخر ئە داعشانەی لەوێ ماون، هەموویان خۆکوژن؛ شەڕی خۆکوژان ئاسان نییە. ترۆمبێلی گوللەبەند و بۆمبڕێژکاویشیان پێیە. زۆربەیشیان چەدای غەوارەنە و تاکو نەکوژرێن واز ناهێنن.
(بەرواری) وتیشی، هۆزی جبووری و چەند ھۆزە سوننەی تریش لە شەڕەکەدا شانبەشانی ئێمە شەڕ دەکەن.
ئەوفەرماندەیە ئاماژەیشی دا، ئەم دوێنێیە جەنگەندەکانی ئوستورالیا بارەگایەکی تیرۆریستانی داعشیان لە ڕومادی کردە ئامانج و، هەژدە تیرۆریستیان تێدا برد.
بڵند ئیبراھیم




