٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مانگی داهاتوو هەرێم زیاد لە رێژەی دیاریكراو نەوت رادەستی بەغدا دەكات.. كێشەی دواكەوتنی مووچە چارە دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە ئێستادا بەغدا بەپێی رێژەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم پارە رەوانە دەكات، بەڵام مانگی داهاتوو هەرێم رۆژانە ٦٠٠هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی داهاتوودا كێشەی دواكەوتنی مووچە چارە بكرێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بەغدا لە ئێستادا بەپێی رێژەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم پارە رەوانە دەكات، بۆیەیش زیاتر لە كۆتاییەكانی مانگدا پارەكە رەوانە دەكات بۆ ئەوەی بزانێت هەرێم چەند نەوتی رەوانە كردووە.

(دڵشاد شەعبان) ئاماژەیشی دا: "بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دایناوە، بڕیارە لە مانگی داهاتوودا هەرێم رۆژانە ٥٥٠ هەزار بۆ٦٠٠هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات كە لە رێژەی دیاریكراوی خۆی زیاترە، بۆیە ئەو كات پێویستە بەغدا مانگانە ترلیۆنێك و٢٠٠ملیار دینار بۆ هەرێم رەوانە بكات، بەڵام بڕوا ناكەم بەغدا بتوانێ ئەو رێژەیە رەوانە بكات، رەنگە تەنیا بەشی مووچە بدات".

(شەعبان) ڕوونیشی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی داهاتوودا كێشەی دواكەوتنی مووچە چارە بكرێت و مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا بدرێت، چونكە هەرێم ئەو كاتە ١٠٠% پابەندی رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا دەبێت.

سەبارەت بە وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی دوویش گوتی: "تاوەكو ئێستا وادەكەی دیاری نەكراوە، بەڵام باس لەوە دەكرێت هەفتەی داهاتوو بەغدا ٥٠٠ ملیاری دیكە رەوانە دەكات، وەلێ هێشتا نەهاتووە و تا نەگاتە هەرێمی كوردستان، جارێ ناتوانین پشتڕاستی بكەینەوە".
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار