٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فواد حوسێن: سەرۆک بارزانی هێشتا قسەی لەسەر سەرۆکایەتیی هەرێم نەکردووە.. دواخستنی زیاتری ڕیفراندۆم قەیرانی دی بە دوای خۆیدا دێنێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد توانیویەتی ئیدارەی قەیرانەکان بکات، بە تایبەت قەیرانی سەربازی و ئەمنی؛ هەرچی پێوەستە بە قەیرانی داراییشەوە کە بەرەنجامی بڕینی بوودجەیە کە زیاتر لە ساڵێکە، حکوومەتی فیدراڵ بڕیاری داوە بەشێکی میزانییەی هەرێم ڕەوانە بکات، پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدایش بەراورد بە پار باشە. هەڵبەت دانوستانی بەردەوام لە نێوان هەردوو لادا هەیە و بۆ بواری ئەمنییش لە بەرەوڕووبوونەوەی داعش، هەماهەنگی هەیە.

(فواد حوسێن) هەروەها گوتی، پێوەندییەکان تەنیا پێوەست نین بە بابەتی دارایی و نەوتەوە، بەڵکە پێوەندیی فراوانن، پێوەستە بەردەوامیش بن.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم گوتی، پێوەست بە بابەتی داراییەوە لە لایەن هەردوو لاوە لێکدانەوەی جیاواز بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکرێ، ئەو هەنگاوانەیشی بەم دواییە نراون، بە واتای ئەوەیە کە ئێستا دەرووەکان کراوەترن بە ڕووی دانوستاندا، هیواخوازیشین هەنگاوی تر بنرێن تا یاسای موازەنە جێبەجێ بکرێ؛ ئەو ڕێککەوتنەیش کە لە نێوان هەردوو لادا ساز دراوە بووە بەشێک لەو یاسایە، بە جێبەجێکردنیشی کێشەکان چارە دەبن."

دەبێ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ببێ
هەرچی پێوەندییشی بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لاوە هەیە و هێشتا لەبارەیانەوە ڕێک‌نەکەوتوون، (حوسێن) بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، خاڵگەلی پێشووتری دیکەیش هەن، کە لەو ڕێککەوتنەدا پێوەندییان بە دۆخی پێشمەرگەوە هەیە و بەشێکە لەو یاسایە، ڕێچارەیش بۆ گرفتە داراییەکەی هەیە و ئەمەیش گرینگە. دەبێ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ببێ، چونکە بابەتەکانی دارایی چارە دەبن، خاڵەکانی دیکەیش کە پێوەندییان بە بەرجەستەکردنی دەستوورەوە هەیە، نموونەی ئەو بابەتی ئەو ناوچانەی دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ـەوە."
دەربارەی کاریگەرییەکانی جەنگی دژ بە داعش بۆ هەرێمی کوردستان، (حوسێن) جەختی کردەوە، "ئیرادەی بەرگری لە هەرێم ەبراورد بە چەند مانگی ڕابرد زۆر بەهێزترە، ئەو هەڕەیشی کە داعش پێکی هێنابوو، هەڕەشەی پێوەست بە بوونەوە بوون، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە دەیەویست کورد و کوردستان لەنێو ببات و لەسەر نەخشە و یادەوریی مێژوو بیسڕێتەوە، بەڵام کاتێ سەرکردایەتیی کورد و گەلی کوردستان درکی بەم هەڕیشەیە کرد، بینیمان کە لاوانی کورد چۆن بەرەوڕووی بەرەکانی جەنگەوە چوون و تەمەن 70 و 80 ساڵەکانیشهەر چوونە بەرەکانی جەنگی بەرگرییەوە؛ ئەمەیش ئەو ئیرادەیە بەهێزەی کوردستانە کە ەبرپەرچی تیرۆریستانی دایەوە. بەڵام واقیعی جەنگ و شەڕ قەیارنی بەدوای خۆیدا دێنێ، گەلی کوردیش ئامادەیە بەرگەی بەرەنجامەکانی بگرێ، لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتییشەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە زیاتر لە ملیۆنێک هەشتسەد هەزار پەنابەریش ڕویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و حەوێندراونەتەوە."

داعش لە پاشەکشەیە
ئەو دەڵێ سەرەڕای ئەوەی کە داعش بە داگیرکردنی مووسڵ هەنگاوی بوون بە دەوڵەتێکی تیرۆریستی نا و شوێنگەلی دیکەی لە ناوچەکانی سوننەی عێراق و سووریایش داگیر کردن، ئێستا ستراتیژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە گەڕانەوەیە لە دۆخی دەوڵەتەوە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و دواتر بنەبڕ دەکرێ.
گوتیشی، هێزە کوردییەکان توانییان لە کۆبانی و هەرێمی کوردستان و پانتایێکی فراوانی کوردستان سەرکەون و داعشان تێک بشکێنن، هەروەها لە ناوچەگەکلی دیکەیش، ئێستایش داعش بەرەورووی ئەو دۆخە بووەتەوە کە باسم کرد(گەڕانەوە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی)؛ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە دووچاری قەیرانی نێوخۆیی لە نێو ڕێزەکانیدا بووەتەوە، ئەمە سەرەڕای قەیرانی داراییەکەی کە دووچاری بووەتەوە، زۆرینەی ئەو بینیانەیشی چووبوونە ڕیزی داعشەوە کوژران و ئەوانی دیکەیش بەزیون و ڕایانکردووە، چونکە کاتێک لە ڕێکخراوێکەوە هەنگاوی بەدەوڵەتبوونی نا، پێویست بە ئابووریێکی گەورە دەکات کە ئەو بەدەستییەوە دەناڵێنێ، دیارە کە پێشتر هەیبوو، هەڵبەت ئێستا داعش لە قەیراندایە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی بۆ پشتیوانیی هێزەکەی، سەرباری قەیرانێکی دیکە کە بەرەوڕووی بووەتەوە ئەویش قەیرانی خزمەتگوزاری و کەمیی دەوا و دەرمان و نەخۆشخانەیە. بەپیی ئەو زانیاریانەیشی کە پێمان گەییشتوون، نەخۆشخانەکانی مووسڵ ناتوانن پێشوازی لە بریندارانیان بکەن، تا ناچار بوون بریندارانیان ببەنە ماڵەکانیانەوە. بە هۆی شەڕەکانیان دژ بە هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق لە تکریت و ڕومادییەوە ژمارەی بریندارانیان لە زیادبوونن و ئەمەیش کێشەی لەنێو ڕیزەکانیاندا ناوەتەوە، بە تایبەت لە نێو چەکدارە تورکمانە تەلەعفەرییەکانیان و بەشێکی دی لە عەرەبەکان."
(فواد حوسێن) هاوکات باس لە ستراتیژی سەربازیی هەرێم دەکات لە بەرپەرچدانەوەی داعش و دەڵێ، سترایتژییەتی هەرێم پێوەندی بە جەنگان دژ بە داعشەوە هەیە لە هەرجێیەک بن و، هاوپەیمانانیش لەگەڵ هەر هێزێکن کە بەرەوڕوویان دەبنەوە و هێڵی بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگەیش بەهێزتر دەکەن و بیر لەوەیش دەکەنەوە کە بۆ پرۆسەکانی داهاتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا بکەن."

ئەو سەرکەوتنانەیشی بە دەستمان هێناون، هەر بە خوێنی ڕۆڵەکانمانەوە بووە
ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە لە جەنگێکی درێژخایەندان کە بە خوێن دەکرێ، ژمارەی شەهیدانیشمان زیاتر لە 1150ـن و زیاتر لە 5هەزار برینداریشمان هەن، ئاخر ئەگەر لە سەرەتاوە چەکی قورسمان هەبووایە، ئەو ژامارە زۆرەی قوربانیمان نەدەدا. ئەو سەرکەوتنانەیشی بە دەستمان هێناون، هەر بە خوێنی ڕۆڵەکانمانەوە بووە؛ یەکلاکردنەوە جەنگی کۆتاییش کە مەبەست ئازادکردنی شارە گەورەکانە وەک مووسڵ، نایەتە دی تەنیا بە بەردەستکردنی چەکی جۆریی نەبێ، هەر لەبەر ئەوەیشە کە سەرۆک بارزانی لەبارەی یەکلاکردنەوەی جەنگەکە دەڵێ، پێویست بە چەکی دیکە دەکات بدرێ بە هێزەکان؛ وەک ئەوەی ئێستا لە تکریت دیبیننن، هێزەکانی عێراق توانیویانە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەددین ئازاد بکەن، بەڵام دواجار تکریت پیویستی بە هێزی ئاسمانی هەیە، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراقیش کاری باشیان کرد کاتێ داوای پشتیوانیی ئاسمانییان لە هاوپەیمانان کرد بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگەکە."

بە هیواین بەغدا چەکی نوێی پی بگات و پشکی هێزەکانی پێشمەرگەیشی تێدا بێ
دەربارەی ئەو هاوکارییانەیشی کە بە پێشمەرگە دەکرێ، دەڵێ، "زۆر وڵات هەن هێشتایش لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاریی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەو هاوکاریانە لە ئاستی داخوازییەکاندا نین، ئێمە بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ دنیای دەرەوەدا لە پێوەندیداین و باسی ئەو واقیعەیان بۆ دەکەین، ئەوان ئێستا خەریکە لەوە گەییشتوون کە داعش تەنیا مەترسی نییە بۆ کوردستان و عێراق، بەڵکە هەڕەشەیە بەسەر کۆمەڵگەکانی ئەوانیشەوە، بۆیە پێویستە ەب چەکی جیاواز و نوێ هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن." دەیشڵێت، "بەغدا هەندێ هاوکاریی ناردووە، بەڵام کەمە، حکوومەتی عێراق خۆیشی لە ڕووی سەربازییەوە کێشەی هەیە و بەدەستیەوە دەناڵێنێ، چ لە ڕووی چەکەوە چ لە ڕووی مشقی سەربازییەوە؛ هەڵبەت دۆخی دارایی کاریگەری بەسەری دۆخی سەربازییەوە هەیە، بەڵام هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا هەیە و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن، بە هیوایشین بەغدا چەکی نوێی پی بگات و پشکی هێزەکانی پێشمەرگەیشی تێدا بێ."

داڵدەی تاوانباران نادەین
ئاشکرایشی دەکات کە، دانوستان لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە دەربارەی کەسانی داواکراو کە لە هەرێمدا نیشتەجێن و گوتیشی، "پێم وایە کە هەماهەنگی لەم ڕووەیشەوە لە ئارادایە، ئێمەیش داڵدەی تاوانباران نادەین، ەبڵام دەرگای کوردستان ەب ڕووی پەنابەراندا کراوە بووە، بە گشتی ئێمە ئامادەی هاوکارین و دانوستانیش بەردەوامە."
دەربارەی دواڕۆژی میلیشیاکانیش نموونەی حەشدی‌شەعبی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت پاش نەمانی داعش، (حوسێن) گوتی، "لە ڕووی تیۆرییەوە ئینسان ئازادە چۆن قسە لەبارەی مەترسییەکانی دواڕۆژەوە دەکات، بەڵام خستنەڕووی ئەو جۆرە کێشانە لە ئێستادا گەورەکردنی تێدایە، حەشدی‌شەعبی لە سنووری کوردستان نییە، تەنیا لە هەندێ ناوچە نەبێ کە تێکەڵەیەکە لە نەتەوەکان وەک باشووری کەرکووک و دەورووبەری جەلەولا، هەر کێشەیەکیش لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکوومەتی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیشدا بێتە ئاراوە، لە کۆتاییدا چارەکردنی وابەستەی پێوەندییەکانی نێوان هەولیر و بەغدا دەبێ."

دواخستنی ریفراندۆم بۆ ماوەیەکی درێژتر قەیرانی دی بە دوای خۆیدا دەهێنێت
دەربارەی ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش گوتی، "زۆربەی ئەو ناوچانە ئێستا پێشمەرگە دەیانپاریزێت، ئاخر ئەگەر پێشەرگە نەبوایە ئەوا ئەو ناوچانە لە بن دەستی داعشدا دەبوون. سوپای عێراق لەو ناوچانەدا لەبەریەک هەڵوەشا و  پێشمەرگە توانی بیانپاریزێ، بیرە نەوتەکانیش بپارێزی، زیاتر لەمە عەرەب و تورکمان و کورد، موسوڵمان و مەسیحی و شیعە و سوننە و کۆی پێکهاتەکانیشی پاراستن. هەرچی پێوەندی بە پاش داعشیشەوە هەیە، ئەو ناوچانە پێوەندییان بە ماددەی 140ـەوە هەیە کە دەستوورییە، کە باس لە سازدانی ریفراندۆم دەکات و ئەرکی حکوومەتی فیدراڵیشە ئەو مادەیە جێبەجی بکات و ریفراندۆم ساز بدات، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانەن کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، دواخستنیشی بۆ ماوەیەکی درێژتر قەیرانی دی بە دوای خۆیدا دەهێنێت."

سەرۆک بارزانی دەربارەی پرسی ویلایەتی سەرۆکایەتیی هەرێم هێشتا قسەی نەکردووە
پێوەست بە ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم گوتی، "هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی ئەو پرسە نەخراوەتە بەر باسەوە، سەرۆک بارزانییش دەربارەی ئەم پرسە قسەی نەکردووە، قورسیشە ئێستا قسە لەسەر ئەم پرسە بکەین، هەڵبەت ئێمە لە وادەکەی نزیک بووینەتەوە و پرسگەلی یاساییش هەن کە دەبێ چارە بکرێن، دەیشبێ لەم ڕووەوە بگەینە ئەنجام، پرسەکەیش پێوەندی بە حیزبە کوردستانییەکانەوە هەیە."


دەربارەی پێوەندییەکانی هەرێمیش بە وڵاتانی عەرەبەوە گوتی، "سەرکردایەتیی کوردستان پێوەندییان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەب بینا کردووە، جا پێوەندییەکان دیپلۆماسی بن یان لەسەر ئاستی دیکە، لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئەردەن و میسر و لوبنانیش پێوەندیی باشمان هەیە." پێوەست بە پیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیش (فواد حوسێن) دەڵێ، "پێوەندیمان لەغەڵ ئیراندا باشە کە ئێستا خۆیان ڕایانگەیاندووە کە لە عێراقدا هەن و لەبەر شەڕی داعشیشە. لەگەڵ تورکیایشدا پێوەندیمان هەر باشە و سیاسەتیشمان وایە کە پێوەندیی باش لەگەڵ دراوسێکانماندا بنیات بنێین، کە لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش و دەستوەرنەدانە کاروباری نێوخۆیی یەکدی بێ. ڕاستە کە ئێمە دەوڵەت نین، بەڵام لە ئێران و تورکیا و ڕەهەندی کوردی هەیە بۆیە باس لە دەستوەرنەدانە کاروباری نێوخۆیی دەکەم."


 

هەواڵی پەیوەندیدار