٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش لە پەیوەندییەكانیاندا نووسینی نهێنی بەكار دەهێنن

سەرچاوە: KDP.info

بی‌بی‌سی- -KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێك كە لە (بی‌بی‌سی)ـدا بڵاو كراوەتەوە، پۆلیسی ئەورووپا ڕایگەیاندووە، بەكارهێنانی كارامەیی لە پەیوەندییەكانی سەر هێڵدا، گەورەترین گیروگرفتی بۆ دەستگاكانی ئاساییش دروست كردووە بۆ دیاریكردن و بنبڕكردنی تیرۆریزم.
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئەورووپا (ڕۆب واینڕایت)، هۆشداریی داوە كە بە هۆی ناوچە شاراوەكانی ئینتەرنێت و پەیوەندییە (ئینكریپت) بەشفرەكراوەكانەوە كاری چاودێریكردنی گومانە تیرۆریستییەكان سەختتر بووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە دەستگاكانی ئاساییشی نیودەوڵەتی بەڵگەیان دەست كەوتووە كە داعش و لایەنگیرانیان سایتە بەشفرەكراوەكان بەكار دێنن بۆ بە توندڕەویكردن و، ناونووسكردنی خەڵكی.
یەكێك لەو كچانەی كە ماوەی پێشوو لە بەریتانیاوە ڕۆییشت بۆ سووریا، ئێستا دەستگاكانی ئاساییش بۆیان دەركەوتووە كە ئەو كچە تەمەن (١٧) ساڵانە ئەپلیكەیشنێكی تایبەتی بەكار هێناوە كە كورتەنامەكانی بە (شفرە) كردووە، بەو ڕێگایە لەگەڵ داعش پەیوەندییەكانیان ئاڵوگۆڕ كردووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەكەدا (واینڕایت) ئەوەیشی ئاشكرا كردووە كە داعش نزیكەی (٥٠) هەزار ئەكاونتی تویتەری هەیە كە ڕۆژانە (١٠٠) هەزار كورتەنامە بڵاو دەكەنەوە. ئەوەیش وای كردووە كە زیاتر لە جاران پۆلیسی ئەورووپا بایەخ بە ئاساییشی ئەلیكترۆنی بدات. بۆ ئەو مەبەستە دەستگاكانی ئاساییشی ئەورووپا سەرقاڵی دروستكردنی یەكەیەكی ئینتەرنێتین بۆ ناسینەوە و لابردنی هەموو ئەو سایت، ئەكاونت و ڕێكخراوانەی ناو ئینتەرنێت كە گومانی تیرۆریستییان لێ دەكرێت.
هەروەها داوایش دەكەن یاساكانی تەكنۆلۆجیا لەبەر كەموكورتییان ئاڵۆگۆڕیان بەسەردا بێت، بۆ ئەوەی دەستگاكانی ئاساییش مۆڵەتیان هەبێت بتوانن چاودێریی هەموو بەشەكانی ئینتەرنێتی جیهان و، چاودێریی گومانە تیرۆریستییەكان بكەن.
شیاوی گوتنە، ئامێرەكانی كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆجیا ڕێگا بە بەكارهێنەرانیان دەدەن بتوانن پەیوەندییەكانیان بە شفرە بكەن، دیارترینیشیان بەكارهێنانی ئەپلیكەیشنی بەشفرەكردنە، ئەوەیش بووەتە جێگای نیگەرانی و بایەخی دەستگاكانی ئاساییشی نێودەوڵەتی.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار