سەرکردەکانی 'دەستە' بە ناو 'شەرعی'ـیەکەی داعش کوژران

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوشی مووسڵ دەڵێت، دەستە شەرعییەکەی تیرۆریستانی داعش لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری مووسڵ بۆردومان كرا و، گشت سەرکردەکانی ئەو دەستە بە ناو شەرعییەی تیرۆریستان لەو باڵەخانەیەدا تێدا چوون.
(حەسەن خەلۆ) بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان دەستە شەرعییەکەی تیرۆریستانی داعشیان لە گەڕەكی زوباتی شاری مووسڵ کوتاوە و، ئەو کۆمەڵە سەركردە بڕیاربەدەستەی تیرۆریستان کە لەوێ بوونە، گشتیان كوژراون و کەسیان لێ ڕزگار نەبووە."
ئەو بەرپرسەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار ڕایشیگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە شاروچكەی تلكێف و تەلەعفەر هەموو ڕۆژێ بە دەستی ئەنقەست ماڵی خەڵکە كورد و، دیان و شیعە و توركمانەکان دەتەقێننەوە."
حەسەن خەلۆ گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش ترسیان لێ نیشتووە و، خۆیان لە یەكتری حەشار دەدەن، نەکا بیاننێرنە بەرەی شەڕ؛ تیرۆریستانی ناو مووسڵ زۆر کەمیان کردووە."
نەشوان بەرزنجی




