٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمیرە كوژراوەكەی داعش خەڵكی سەیدسادق نییە

سەرچاوە: KDP.info

سەیدسادق -KDP.info- لە بەرامبەر بڵاوكردنەوەی هەواڵێك لە هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندەوە لەبارەی كوژرانی گەنجێكی خەڵكی قەزای سەیدسادق لەنێو ڕیزەكانی تیرۆریستانی داعش، قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق لە ڕونكردنەوەیكدا ئەو هەواڵانە ڕەت دەكاتەوە؛ هاوكات هۆشدارییش دەدات لە تۆماركردنی سكالای یاسایی.
لە ڕوونكردنەوەكەی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق كە وێنەیەكیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ناردووە، ئەوە ڕوون كراوەتەوە چەند ڕۆژێكە  لە ژمارەیەك لە ماڵپەڕ و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وا بڵاو كراوەتەوە كە یەكێك لە تیرۆریستە كوژراوەكانی نێوداعش بە ناوی (هێمن عەلی) بە پلەی ئەمیر كە نازناوی (گەیلان كوردی) پێ دراوە خەڵكی قەزای سەیدسادقە، بەڵام وەك ئیدارەی قەزای سەیدسادق سەرلەبەری ئەو هەواڵانە ڕەت دەكەینەوە.
هەرلە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەیان بەوەش كردووە بە گوێرەی سەرچاوە فەرمیەكانیان كە زانیاری تەواویان پێ داون ئەو تیرۆریستە كوژراوە چەكداری داعش بوەو لە شاری مووسڵ كوژراوە دورونزیك خەڵكی سەیدسادق و سنوورەكەوە نییە؛
لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادقدا جەختیش لەوە كراوەتەوە لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی تیرۆریستانی داعش قەزای سەیدسادق چەندین پێشمەرگە و فەرماندەی قارەمانی شەهید بووە، كردوونیەتە قوربانی بۆ ئازادی ئەمڕۆی كوردستان، بۆیە وەك وەفایەك بۆ گیانی ئەوشەهیدانە داوا لە سەرجەم وێبسایت و بڵاوكراوەكان دەكەن كە چیتر بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بێ‌بنەما بۆ سەر قەزای سەیدسادق لە كەس قبوڵ ناكەن و، لە بەرامبەردا ڕێكارە یاساییەكان دەگرنە بەر.

هەواڵی پەیوەندیدار